وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت رایگەیاند، هەموو رێکارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و تەواوبوون و بابەتەکە ئێستا پەیوەندیدارە بە تورکیا و عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ تورکیای ئاگادارکردوەتەوە کە ئامادەن دەستبکەنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت ئەمڕۆ دووشەممە لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم رایگەیاند، “هەموو رێکارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و تەواوبوون و بابەتەکە ئێستا پەیوەندیدارە بە تورکیا و عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ تورکیای ئاگادارکردوەتەوە کە ئامادەن دەستبکەنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەڵام تائێستا چاوەڕوانین و پێدەچێت لەدوای سەردانی سەرۆکی تورکیا بۆ عێراق چارهسهر دهبێت، پێشبینی دەکەم ئەو سەردانە ئەنجامی هەبێت”.
پەیوەست بە گفتوگۆکان لەبارەی یاسای نەوت و گازی عێراق، وتی، لیژنە درووستکراوە و “کاری باشی کردووە و کەسانی پسپۆڕ لەوبارەیەوە کار دەکەن تاوەکو ئاستێکی باش کاری لەسەر کراوە و پێدەچێت ئەم هەفتەیە یان هەفتەی ئایندە شاندێک سەردانی بەغداد بکات و راوەستان نەبووە بەڵام لەبەر پەسەندکردنی بودجە کارەکان دواکەوتوون”.
وەزیری کارەبای هەرێم هەروەها لەبارەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان، وتی: “لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەرهەمهێنانی کارەبا هەزار و ٩٠ مێگاوات زیادی کردووە، لەو ژمارەیەش ٥٠٠ مێگاوات لە بازیان، ٣٠٠ مێگاوات لە خەبات، ١٦٥ مێگاوات لە گەرمیان، سێ ٢٩ مێگاواتی لە شارەکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) و ٣٨ مێگاوات لە دێرەلووک، هەرچەندە جیاوازی هەیە لەنێوان مانگەکان بۆ پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا، بەڵام ماوەی دوو مانگە رۆژانە ١٦ کاتژمێر بە هاووڵاتییان دەدرێت”.
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سیستەمی پریپەیمێنت (پارەدانی پێشوەختە) وتی: “چەند شوێنێکمان دەست نیشان کرد بۆ ئەوەی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی پێ بدەین بەو سیستەمە نوێیە بە نرخی ١٥٦ دینار بۆهەر کیلۆواتێک، تا ئێستا سەرکەوتووبووە و لە بابەتی نرخەکەیشەوە بەراورد بەوەی کە پێشتر هاووڵاتییان دوو جۆر پارەی کارەبایان دەدا، ئێستا یەک جۆر پارە دەدەن و هەرزانتر دەکەوێت بەراورد بە پێشتر”.