حەج و عومرەی هەرێم بۆ تەبا: ڕێژەی حاجیانی هەرێم بۆ ئەمساڵ زیادی کردووە

حەج و عومرەی هەرێم بۆ تەبا: ڕێژەی حاجیانی هەرێم بۆ ئەمساڵ زیادی کردووە

نیسان 14, 2025 16:25
حەج و عومرەی هەرێم بۆ تەبا: ڕێژەی حاجیانی هەرێم بۆ ئەمساڵ زیادی کردووە
0

لایک

زیارەتەکانی حەج و عومرە کە ساڵانە ملیۆنان موسڵمان بەرەو خاکە پیرۆزەکان دەڕۆن، نەک تەنها وەک پاککردنەوەیەکی تاکەکەسی بەڵکو وەک دەرکەوتنی هۆشیاری موسڵمانانیش سەیر دەکرێن. هەزاران حاجی لە عێراق و هەرێمی کوردستان-عێراقەوە بە دوعا و هیوا و ئامادەکارییەکی قووڵی مەعنەوی خۆیان بۆ سەفەری مەککە ئامادە دەکەن بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە پیرۆزە. لە کاتێکدا کە گرنگیدانی چڕ بە ناوچەکە جارێکی دیکە گرنگی زیارەتەکە لە ڕووی هاوپشتی کۆمەڵایەتی و باوەڕ و بەردەوامیی ئەم ئەرکە پیرۆزە ئاشکرا دەکات، بەڵام ئەو ئیرادەیەی لەسەر ئەم ڕێگایە نیشان دراوە سەرەڕای بارودۆخی سەختی ئابووری جێگەی سەرنجە.

ده‌سته‌ی گشتیی سه‌رپه‌رشتیی كاروباری مه‌ككه‌ و مزگه‌وتی مه‌دینه‌ ڕایگه‌یاند، له‌ مانگی ڕه‌مه‌زانی ئه‌م ساڵدا ١٢٢ ملیۆن و ٢٨٦ هه‌زار و ٧١٢ عومره‌كار و نوێژكه‌ر سه‌ردانی هه‌ردوو مزگه‌وته‌كه‌یان كردووه‌ بۆ به‌جێهێنانی فه‌ریزه‌ی نوێژ و سوننه‌تی عومره‌.

ده‌سته‌ی گشتیی سه‌رپه‌رشتیی كاروباری مه‌ككه‌ و مزگه‌وتی مه‌دینه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، له‌ كۆی ئه‌م ژماره‌یه‌دا  ١٦ ملیۆن و ٥٥٨ هه‌زار و ٢٤١ عومره‌كار سه‌ردانی هه‌ردوو مزگه‌وته‌كه‌یان كردووه‌.

هه‌روه‌ها ده‌سته‌كه‌ ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو، ٧٥ ملیۆن و ٥٧٣ هه‌زار و ٩٢٨ كه‌س نوێژیان له‌ مه‌ككه‌ كردووه‌ و ٣٠ ملیۆن و ١٥٤ هه‌زار و ٥٤٣ كه‌سی دیكه‌ش نوێژیان له‌ مزگه‌وتی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) له‌ مه‌دینه‌ كردووه‌.

ساڵانە لەلایەن وڵاتی سعوودیەوە ڕێژەیەک دیاردەکرێت بۆ وڵاتان بۆ ئەوەی فەریزەی حەج ئەنجام بدەن، بۆ ئەمساڵ ڕێژەکە بۆ هەرێمی کوردستان – عێراق زیاد کراوە، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری لە بارودۆخی ڕەوشی حەج و عومرە بین، وەک ڕۆژنامەی تەبا چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ کاروان ستونی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و ئیرشاد وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان-عێراق ئەنجامدا.

کاروان ستونی لەسەرەتادا باسی لەئاماری ئەو هاوڵاتیانە کرد کە لەهەرێمی کوردستان – عێراقەوە سەردانی سعوودییەیان کردووە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی عومرە، ڕایگەیاند، “تا ئێستا ئامارێكی ڕوون لەبەردەست نییە چونکە ماوەی چەندین ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان – عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی ئاسانکاری زۆری کردووە بۆ خەڵک بۆ ئەوەی بچێتە عومرە لە ڕێگەی وشکانیەوە و بە ئۆتۆمبێلی خۆیان، جا تا ئەوکاتەی ئێمە ئەو هەماهەنگیە لەگەڵ ئەوان ئامارەکان یەکدەخەین ئینجا دەتوانین بڵێین چەند هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان – عێراق گەشتیان کردووە، بەڵام تەنها لە مانگی ڕەمەزانی پار ساڵ زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس لە هەرێم گەشتی کردبوو وە پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ لەو رێژەیە زیاتر بێت. هەر بۆیەش ئێمە بەدواداچوونی زیاترمان کرد.

لەلایەکی دیکەوە لەبەرامبەر پرسیاری ڕۆژنامەی تەبا سەبارەت بەوەی ئایا هاوڵاتیان زیاتر بە کام ڕێگە گەشتی عومرەیان ئەنجام داوە، کاروانی ستوونی ڕایگەیاند، “هاوڵاتیان بە چەند جۆرێک گەشتییان کردووە، بەڵام ئەوەی ئێمە ئاگادار بووین زۆربەی بە ڕێگەی وشکانی بووە چونکە خۆتان دەزانن بە ڕێگەی فرۆکە تێچوی زیاترەو پارەی زۆری دێتە سەر و چوون و گەڕانەوە بە دەستی خۆت نییە، ئەو هەماهەنگیەی کە لە نێوان بەرێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێم و دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی هەیە لە دابینکردنی ڕێگا لە کارئاسانیان کە ئێمە بە بەردەوامی دوو کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە لە سنووری عەرعەرن لە ڕومادی لەوێ لە پێشوازی خەڵکی هەرێم و هەموو عومرەکارانی عێراق دان بۆ ئەوەی کارئاسانی لەوێ بکرێتن. ئێمە پێشبینی دەکەین زۆرترین ئەو خەڵکانەی کە ئەمساڵ گەشتیان کردبێت بە ڕێگەی وشکانیەوە بێت، بە رێگەی پاسەوە و بەشێکی زۆری خەڵکیش بە ئۆتۆمبێلی خۆیان چوون”.

کاروان ستونی، ژمارەی ئەو کەسانەی بۆ تەبا ئاشکراکرد کە ئەمساڵ لەهەرێمی کوردستان – عێراقەوە دەچنە سعوودیە و فەریزەی حەج بەجێدەگەیەن و ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٤ تیروپشکمان ئەنجامدا لە نێوان ١١٧ هەزار کەس کە لە ٢٠١٧ ناوی خۆیان تۆمارکردبوو و لە ساڵی ٢٠٢٤، بەپێی ئەو داتایەی کە ئێمە هەمان بووە، تیروپشک بۆ چوار هەزار و ٥٠٠ کەس ئەنجامدرا و دوای هەوڵێکی زۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان – عێراق توانیمان نزیکەی ٤٠٠ کەس یاخوود زیاتر پشکی حاجیان زیاد بکەین لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی ئێستا ئەو ڕێژەیەی کە لە هەرێمی کوردستان-عێراق گەشت دەکەن بریتین لە ٥ هەزار و ١٩٠ کەس، پار ساڵ ٤ هەزار ٦٨٥ کەس بوون بەڵام ئەمساڵ ڕێژەکە بۆ ٥ هەزار و ١٩٠ کەس بەرزبووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا زۆربەی ئامادەکاریەکان تەواو بووە و جەوازەکانیان بەرز کراوە بۆ سیستەمی سعوودی و چاوەروان دەکرێت دوای مانگێکی دیکە یەکەم کاروانی حاجیانی عێراق و هەرێم بەرەو عەرەبستانی سعوودیە بەرێبکەون. هەروەها دوای ئەوەی هەوڵی ئەوەدرا کەوا ڕێژەکە زیادبکرێت دەرکەوت ٥٠٥ کەس ئەمساڵ لە چاو ساڵی رابردوو ژمارەیان زیاد دەبێت بۆ ئەوەی گەشتی حەج بکەن.

 ئەمە لەکاتێکدایە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان – عێراق ڕایگەیاندووە “سعوودییە پێدانی ڤیزای عومرە و هەموو جۆرە ڤیزایەکی دیکەی بە ١٤ وڵات، لە نێویشیاندا عێراق و هەرێمی کوردستان-عێراقیشی ڕاگرتووە و ئامانجی سعوودییە لە ڕاگرتنی داواکردنی هەموو جۆرێکی ڤیزا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نایەوێت ئەوەی لە پرۆسەی حەجی ساڵی ڕابردوو ڕووی دا، دووبارە ببێتەوە و کەس نەتوانێت بە ڤیزای گەشتیاری، ڤیزای یەک ساڵە و جۆرەکانی دیکەی ڤیزا، حەج بکات. هاوکات بڕیاری داوە، ڕێکارەکان لە دژی حەجی نایاسایی توندوتۆڵتر بکا”.

En az 10 karakter gerekli