وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەمریکا لە عوممان کۆتایی هات و هەڵوێستی هەردوولا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاكان ئاڵوگۆڕ كرا.
گەڕی یەكەمی كۆبوونەوەی ئێران و ئەمریكا لە عوممان كۆتایی هات. بەدر ساعدی، وەزیری دەرەوەی عوممان بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی: دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران له کەشێکی دۆستانه و بنیاتنەردا بوو بەمەبەستی بنیاتنان و لێكنزیك كردنەوەی بۆچوونی هەردوولا.
هەروەها عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، خولی یەکەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و وڵاتەکەی لە عوممان کۆتایی هات و هەردوولا هەفتەی داهاتوو درێژە بە دانوستانەکان دەدەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوو سەرۆکەکانی شاندی ئێران و ئەمریکا پێش ئەوەی شوێنی دانوستانەکان جێبهێڵێن چەند خولەکێک بە ڕاستەوخۆ قسەیان لەگەڵ یەکتر کرد.
وتیشی، “هەردوولا هەڵوێستی حکومەتەکانیان لەبارەی بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی ئێران و هەڵگرتنی سزاکان ئاڵوگۆڕکرد”.
هاوکات ئەم دانوستانە بەر لە چەند كاتژمێرێک بە ئامادەیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیۆ ویتكۆف، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بەڕێوەچوو.