وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ھیچ رێگری و تێبینییەکیان نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا، بەڵام دەبێت مامەڵەکردنەکە لە رێگای پەیوەندی و گرێبەستی ڕاستەخۆ بێت کە دەستوور و دادگای باڵای فیدڕاڵی لەوبارەیەوە بڕیاری لەسەر داوە.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەردەوام ھەوڵی کارکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا دەدەن، بۆ پەرەپێدان بە کێڵگەکانی نەوت و غاز، هەروەها هەماهەنگی و گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا لە بواری نەوتدا بەردەوامە، وەک ھەڵکەندنی بیرە نەوت و خزمەتگوزاری نەوتی و ڕاوێژکاری.
وەزارەتی نەوت دەشڵێت، مامەڵەكردنی ڕاستەخۆ لەلایەن ئەو كۆمپانیانەوە لەگەڵ حکومەتی ھەرێم بەدەر لە حکومەتی فیدراڵی و کەناڵە فەرمییەکان، پێچەوانەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت ڕۆژی 19ـی ئەم مانگە حکومەتی ھەرێم، ڕایگەیاند، دوو گرێبەستی نوێیان لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی واژۆ کردووە بەمەبەستی پەرەپێدان و وەبەرھێنان لە کێڵگەی غازی میران سەربە پارێزگای سلێمانی و کێڵگەی نەوت و غازی تۆپخانە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان سەربە پارێزگای سلێمانی.