دەستەی وەبەرهێنان پێدانی مۆڵەتی بە پرۆژەکانی کەرتی نیشتەجێبوون راگرت و ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی وەبەرهێنان لە ماوەی داهاتوودا زیاتر بە ئاراستەی کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار دەبێت.
رۆژی دووشەممە 19ـی شوباتی 2024 دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان-عێراق رایگەیاند، بەمەبەسـتی رێکخـستـنەوەی کەرتی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان-عێراق، بە ئاراستەی زیاتر سـوودمەندبوونی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت و کرێنشین، بە فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجـوومەنی وەزیران، بڕیاردرا کارکردن لە پرۆژەی نوێی نیشتەجێبوون رابگیرێت و مۆڵەتی نوێی وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێبوون نەدرێت.
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان-عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی وەبەرهێنان لە ماوەی داهاتوودا زیاتر بە ئاراستەی کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، دەستەی وەبەرهێنان داوای لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان-عێراق کردووە یارمەتیدەر و هاوکار بن، تاوەکو وەبەرهێنانی زیاتر لە سێکتەرەکانی ئاراستەکراو بکرێت، بە تایبەت لەو ناوچانەی کەم گەشەسەندوون لە هەرێم.
بە گوێرەی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، تەنها لە ساڵی 2023، 154 پڕۆژە لە هەرێم مۆڵەتییان لە وەبەرهێنان وەرگرتووە کە سەرمایەکەیان چوار ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە و، هەموو شار و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم دەگرێتەوە.