حەیدەر حەنون، سەرۆکی سندوقی وەرگرتنەوەی پارەی عێراق وەرگرتنەوەی زیاتر لە (20) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە سامانی عێراقی لە کوەیت راگەیاند.
حەیدەر حەنون، لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە ، “لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکانمان بۆ پارەی عێراقییەکان لە دەرەوەی وڵات و کارکردن بۆ وەرگرتنەوەیان لە ڕێگەی دیپلۆماسی و یاساییەوە، سەرکەوتوو بوین لە وەرگرتنەوەی بڕە 20 ملیۆن و 437 هەزار و 157 دۆلاری ئەمریکی لە بانکی نیشتمانی کوەیت وەربگرینەوە و پارەکە خرایە سەر هەژماری ئەمینداریەتی باڵیۆزخانەی عێراق لە کوەیت”.
ناوبراو وتیشی، ئەو پارانە لە ساڵی 1990ـوە دەستیان بەسەردا گیرابوو و ئەگەری دەستبەسەرداگرتن و داخستنی حیسابەکەیان هەبوو، دوای سەلماندن و گەڕاندنەوەیان وەک ئەمانەت لە هەژماری باڵیۆزخانەی عێراق لە کوەیت دانرا.
ئەوەش هاتووە، “سندوقی وەرگرتنەوەی پارەی عێراق لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا وەرگرتنەوەی بڕی تەسفیەکردنی کۆمپانیایەکی ڕاگەیاند، هەروەها بەدواداچون بۆ یەکلاکردنەوەی بڕی 80 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە بانکی کرێدیت سویسدا دەکەین”.