عێراق و تورکیا جەخت لەسەر هەماهەنگی و هاوکاری زیاتری یەکتر دەکەنەوە

عێراق و تورکیا جەخت لەسەر هەماهەنگی و هاوکاری زیاتری یەکتر دەکەنەوە

كانونی یه‌كه‌م 20, 2023 15:09
عێراق و تورکیا جەخت لەسەر هەماهەنگی و هاوکاری زیاتری یەکتر دەکەنەوە
0

لایک

شاندی عێراق و تورکیا هەڵسەنگاندنیان بۆ پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و گرنگییەکەی بۆ ناوچەکە کرد و هەردوو لایەن لەسەر هەنگاوی زیاتر و لەپێشینەبوونی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە گفتوگۆیان کرد.

دوابەدوای کۆبوونەوەی نێوان وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان و وەزیری دەرەوەی عێراق فواد حوسێن و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی سەربازیی و ئاسایشی نێوان دوو وڵات، هەردوو وڵات بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە دوو لایەن لەسەر زۆر پرس و لەسەرووی هەموویانەوە پرسەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئاسایش و ئاو و پەیوەندییەکانی نێوان دوولایەن و دۆخی ناوچەکە قسەیان کردووە و هاتووە: “دوو لایەن لەسەر ئەوە کۆک بوون کە لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەدا پێویستە پەیوەندییەکان لە هەموو بوارێکدا و بە شێوەیەکی هەمەگیر و دامەزراوەیی  پەرە پێبدەن و لەم بارەیەوە جەخت لەسەر ئیرادەی سیاسی بەهێز بۆ جێبەجێکردنی ئەو خواستە کراوە”.

لە بەیاننامەکەدا هەروەها “یەکگرتوویی سیاسی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق بە گرنگی هاوبەشی دوو لایەن” زانراوە و هاتووە: “هەردوو لایەن لەسەر بنەمای چوارچێوەی هاوکارییەکانی ئاسایشی نێوانیان، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بەرەنگاری ئەو چەشنە هەڕەشەیە ببنەوە کە پەکەکە درووستی کردووە”.

هەر دوو لایەن وێرای جەختکردنەوە لە ئاسایش، ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە بە پێویستیان زانیوە هاوکاری و هەماهەنگی زیاتریان هەبێت لە بوارەکانی بازرگانی، سەرمایەگوزاری، گەیاندن و ژێرخان و تێدا هاتووە: “لەم بوارەدا هەرچەشنە کردەوەیەکی پێویست بۆ دەستبەجێ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان یارمەتیدەری گەشەسەندنی عێراق و ناوچەکە دەبێت و لەم بارەیەوە ئاڵوگۆری بیروڕا کرا. هەردوو لایەن لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا و قەیرانی ئاو گفتوگۆیان کرد و بە پێویستیان زانی کاری ئەو کۆمیتە هاوبەشەی کە لەم بارەیەوە پێکهێنراوە، بەردەوام بێت. لە کۆتاییدا هەردوو کۆماری تورکیا و کۆماری عێراق لەبارەی ئەو تەوەرانەی کە گفتوگۆی لەسەر کراوە هاوڕا بوون لەسەر بەردەوامی کۆبوونەوەکان بە بێ پسانەوە”.

En az 10 karakter gerekli