لە ساڵى ٢٠١٥ پەرلەمانی کوردستانی عێراق یاساى پاراستنى مافى پێکهاتەکانی لە کوردستان ـ عێراق پەسەند کرد و بەر لەماوەیەک سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ کەسەر بە پێکهاتەی کریستیانە رەخنەی لەو یاسایە گرت و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەم بارەیەوە سازکرد.
وەک رۆژنامەی تەبا بۆ قسەکردن لەبارەی هۆکاری رەخنەگرتن لەو یاسایە و رەوشی پێکهاتەکان لەهەرێم، چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ، مونا یاقۆ، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە کوردستان ئەنجامدا و کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە پێکهاتەکان تاوتوێی لەسەر کرا.
ماوەیەک بەر لە ئێستا رەخنەتان گرت لە یاسای ژمارە (٥)ى ساڵى ٢٠١٥، یاساى پاراستنى مافى پێکهاتەکان لە کوردستان ـ عێراق
هۆکارەکەی چی بوو؟
“لەناو پەرلەمان زۆر شت لە یاساکە گۆڕدرا”
لە راستیدا ئەو یاسایە بەڕای من یاسایەکی زۆر گرنگ و هەستیارە، لەسەرەتای نوسینی ئەو یاسایە ئێمەیان بانگ کرد بۆ پەرلەمان، داوایان کرد رەشنووس پێشکەش بکەین لەبارەی ئەم یاسایە، من یەکێک بووم لەوانەی رەشنووسەکەم پێشکەشکرد، دواتر لەگەڵ لیژنەی یاسایی پەرلەمانی ئەو کات و هەمو پێکهاتەکان تاوتوێی مادەکانی یاساکەمان کرد و یاساکەمان ئامادەکرد، بەڵام کێشەکە لەوەدا بوو پاش ئەوەی یاساکە خوێندنەوەی بۆ کرا و لەناو پەرلەمان زۆر شت لە یاساکە گۆڕدرا، زۆر شت هەبوو کە لەو یاسایە دیاریمان کردبوو لادرا. هەر یاسایەک پێویستە بابەتی سزای لەناودا هەبێت، سزاش تەنها ئەوە نییە خودی ئەو کەسەی هەڵەی کردووە سزای بەسەردا دەسپێنیت بەڵکو بۆ ئەوانی دیکەشە کە بەتەمان هەمان کار بکەنەوە، وانە لەو سزایە وەردەگرن و هەمان کار ناکەن”.
“ئەو یاسایە کۆمەڵە مەبدەئێکی جوانە بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ ناکرێن. جگە لەو خاڵەی کە باس لە دیمۆگرافی کراوەتەوە، ئەگەر هاتو دیمۆگرافیای پێکهاتەیەک تێکچوبوو نەتواندرا بگەرێتەوە دۆخی پێشووی دەبێت قەرەبوو بکرێتەوە، یاخود ماڵێک کە ئی پێکهاتەیەک بێت داگیرکرابێت دەبێت ماڵەکە بۆ خاوەن پێکهاتەکە بگەرێتەوە، مەبەستی باسکردنی ئەو بابەتە ئەوەیە کە تەنها ئەو مادەیە لەوانەیە سودی لێوەربگرین، بەڵام کاتێک دێینە سەر کێشەی زەوی و زاری مەسیحی و تورکمان و ئێزیدی کە لە هەرێمی کوردستان روودەدات دەبینین لەم یاسایە سودمان وەرنەگرتییە، پەرلەمان ئەم یاسایەی دەرهێنا بەڵام ئێمە لە ئەرزی واقیع سوودمان لەم یاسایە نەدیت، هەندێک شتی دیکە هەن لەم یاسایە دووبارەن، بۆ نموونە؛ لەهەرێم یاسای زمانی فەرمیمان هەیە کە باسی سریانی تورکمانی تێدا کراوە، لەم یاسایەدا دووبارە کۆپی کراوەتەوە. بۆیەوە زۆر گرنگە یاساکە هەموار بکرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بۆچونێکی ترمان هەیە ئەگەر دەستوور نوسرا لەوکاتەدا دەبێت دەستوور مافی کەمینەکان بگرێتەوە نەک ئەو یاسایە، بۆیە داوا دەکەین ئەو یاسایە هەڵبوەشێتەوە و لە دەستوور مافی خۆمان داوا دەکەین. کاتێک من نوێنەری لیژنەی نوسینەوەی دەستوور بووم، نوێنەری تورکمانەکان و ئێزیدیش لەگەڵمان بوون هەمومان کێشەمان لەو شتە هەبوو کە هەرچی مافێکمان داوا دەکرد لە دەستوور، دەیانوت ئەم مافە لە یاسای ژمارە ٥ بوونی هەیە و نابێت دووبارە بێتەوە”.
وەک هاووڵاتییەکی سەر بە پێکهاتەکان و سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ، رەوشی پێکهاتەکان چۆن دەبینن لە هەرێم؟
“داوای یارمەتیمان لە حکومەت کردووە بەڵام تا ئێستا وەڵامان وەرنەگرتوە”
رەوشی پێکهاتەکان لە هەرێم وا باس دەکرێت کەوا رەوشێکی نمونەییە، من لەگەڵ ئەوەدا نیم. بەردەوام دەبێت راستییکە چۆنە بەم شێوە باسی بکەی، ئێمە لە وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەژین، زۆر ئاساییە کە کێشە هەبێت بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە، کە باسی کێشەکە نەکەی و بڵێی بارودۆخەکە باشە، بارودۆخمان باشە ئەگەر بەراوردی بکەین بە عێراق، بەڵام هێشتا بەم جۆرە نییە کە وەکو پێکهاتەیەک داوای دەکات بەو جۆرە باش بێت. راستە خوێندنمان هەیە بە زمانی دایک، بەڵام کە سەیری ئەو قوتابخانانە دەکەین دەبینی کە بەوشێوەیە نین کە تایبەتمەندی پێبدرێت، لەوانەیە هەندێک جار لەرووی دەرەوە وا دیار بێت کە خوێندنمان هەیە و قوتابی خۆمان بە زمانی خۆمان بڕوانامە بەدەست دەهێنن، بەڵام لە راستیدا ئەم خوێندنە پێویستی بە پاڵپشتییەک هەیە تاوەکو بتوانین زیاتر پەرە بەو قوتابخانانە بدەین، بۆیە ناچارین داوای یارمەتی لە حکومەت بکەین و دواشمان کردووە بەڵام تا ئێستا وەڵامان وەرنەگرتوە، زۆر شتی تر بۆنمونە تائێستا ئاوارە ئێزیدیەکان زۆرەبەیان لە کەمپەکان دەژین و نەتواندراوە بگەرێندرێنەوە زێدی خۆیان، ئەمە لە رووی مافی مرۆڤەوە کارەساتێکی مرۆییە، دەبێت لەگەڵ حکومەتی ناوەندی هەماهەنگی هەبێت بۆئەوەی ئاسایشی شوێنەکەیان بۆ دابین بکرێت و دڵنیاییان پێبدرێت لە روویی پاراستنی ئاسایشیانەوە تاوەکو بگەرێنەوە زێدی خۆیان”.
پلانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ چییە بۆ بەدەستهێنانی مافی پێکهاتەکان لەهەرێم؟
“زمانەکەمان بەشێوەیەک لە شێوەکان لەبەردەم مەترسیدایە”
ئێمە پلانی ستراتیجیمان هەیە کە ساڵانە ئەو پلانانە دادەنێین و سەبارەی بە پێکهاتەکان زۆر گرنگن لەلای ئێمە، بۆ نمونە رۆژی ٤ی شوبات کە رۆژی زمانی دایکە لە سەر ئاستی جیهان، زۆر گرنگە ئێمە وەکو دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ کۆمەڵگا هۆشیار بکەین لە گرنگی ئەم رۆژە، بەراستی ئێمە وەکو کەمینەکان زمانمان بابەتێکی سەرەکیە لە دیارخەری بوونی خۆمان، بەڵام دەبینین ئەم زمانە بەشێوەیەک لە شێوەکان لەبەردەم مەترسیدایە، بۆنمونە ئێمەی مەسیحی یان کەسێکی تورکمانی یان هەر نەتەوەیەکی تر زمانی ئینگلیزی بۆتە زمانێکی جیهانی و خۆی زاڵ کردووە بەسەر زمانەکانی دیکە، ئەو شتە وادەکات منداڵەکان گرنگی بدەن بەو زمانە، بۆیە ئەوە دەڵێم من ئەگەر سریانی بم و گرنگی نەدەم بە زمانی خۆم ئەمە کێشەیەکی زۆر گەورەیە بەڕاستی”.
“ئەوانەی لە پەرلەمانن نوێنەری پێکهاتەکان نین”
وەکو کەسێکی سەر بە پێکهاتەی کریستیان، راتان چییە لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و داواکارییەکانتان لەبارەی هەڵبژاردنەوە چین؟
یاسای هەڵبژاردن کێشەیەکی گەورەی تێدا هەیە بۆ ئێمەی کۆتا، وەکو پێکهاتەیەک خوازیار بووم ئەو بەرێزانەی کە ئەندامن لە پەرلەمان ئیڕادەی خۆیان فەرز کردبا لەسەر ئەوەی دەبێت ئەو یاسایە هەموار بکرێتەوە. خالێک هەبوو لەیاسای هەڵبژاردن لە ساڵی ١٩٩٢ ئێمەی تورکمان و مەسیحی سندوقی تایبەتمان هەبوو بۆ دەنگدان و دەبوو ئەم یاسایە دووبارە جێبەجێبکرابا، کاتی خۆی هەڵبژاردن بە دڵی ئێمە بوو و هەڵبژاردن شەرعی بوو، ئەو کەسانەی کە دەبوونە ئەندام پەرلەمان دەمانوت ئەمە نوێنەری راستەقینەی ئێمەیە، بەڵام پاشان کە یاساکە هەموارکرا و وتیان ئەم خاڵە لادەبرێت، واتە هەر کەسێک کورد بێ ئێزیدی بێ سابیئە بێ دەتوانێت دەنگ بداتە تورکمان و مەسیحی”.
“من وەکو پێکهاتەیەکی مەسیحی هەست دەکەم دەستێوەردانێک کرا لە هەڵبژاردنی ئەو کەسانە، وەکو پێکهاتەیەک دەیڵێم ئەوانە نوێنەری ئێمە نین، ئەوەندە باسی کێشەکانی ئێەمە ناکەن ئەوەندەی باسی کێشەکانی پەرلەمان و پاپەند بوون بەو کوتلە و کوتلەی تر دەکەن لەناو پەرلەمان، دەبێت ئەو کەسانەی لە پەرلەمانن لە پێشینەدا مافی پێکهاتەکانی خۆیان بپارێزن ئینجا مافی گەلی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی، ئەوەی تا ئێستا کراوە بەپێچەوانەوەیە، لەگەڵ زۆر بابەت کە کراوەتە سیاسی هەڵوێستیان هەبووە، بەڵام وەکو مافی پێکهاتە لە پەرلەمان ئەکتیڤ نەبوون. من لە شوێنی ئەندامەکانمان بومایە واژۆم نەدەکرد بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و داوام دەکرد یاسا هەموار بکرێت و بەزوترین کاتیش هەڵبژاردن بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو رێگایەی کە تا ئێستا بەدڵمان نەبووە باشتری بکەن. لێرەوەش داوا دەکەین سندوقی تایبەت بەخۆمان هەبێت لە هەڵبژاردنەکان، چونکە لەوانەیە وەکو کەمینەیەک ژمارەم زۆر کەم بێت، بەڵام زۆرینەکە ژمارەکەی زۆر لەمن زیاترە، بۆیە منیش مافم هەیە دەنگم بگەینمە پەرلەمان و ئەگەر لەنێو ئەو چەند ملیۆن کەسەدا پێکهاتەکان هەڵبژێردران ئەوا کۆتا هیچ بەهای نامێنێت”.