سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەغداد دتەقینەوەکەی ئیستانبوڵ سەرکۆنە دەکات و هاوسۆزی گەل و حکومەتیش بۆ گەلی تورکیا دوپاتدەکاتەوە، جەختیش دەکاتەوە کە تیرۆر هەمو کاتێک ئارامی و ئاوەدانی بەئامانج دەگرێت بۆیە دەبێت هاوکاری و هەماهەنگی دژی تیرۆر زیاتر بکرێت.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، گەل و حکومەتی عێراق سەرەخۆشی ئاراستەی قوربانیانی “تەقینەوە تیرۆرستییەکەی ئیستانبوڵ” دەکەن و هاوسۆزی و پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی تورکیا دوپاتدەکەنەوە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، داوای چارەسەری خێرا بۆ بریندارەکان دەکەن و هاوبەشی ئازار و خەمەکانیانن، لە هەمانکاتیشدا جەخت دەکەنەوە کە ئەو رووداوانە دەیسەلمنێنن کە تیرۆر لەسەر هیچ ئایین و ناسنامەیەک هەژمار ناکرێت، بەڵکو تیرۆر ژیان، ئارامی و دەزگا ئەمنییەکان بەئامانج دەگرێت کە ئەوەش نیشانەی لادانە لە سروشتی مرۆڤایەتی.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ سەرکۆنە دەکەن و ئەو رووداوەش دەکەن بە دەرفەتێک بۆ زیاترکردنی هاوکاری نێوان هەردوو وڵات لە شەڕی تیرۆر و لەناوبردنی حەشارگەکانیان، هەروەها جەخت لەسەر یەکخستنی ریزەکان دەکەنەوە بەمەبەستی روبەڕوبونەوەی دوژمنانی هاوبەشی هەردو گەل.