سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایدەگەیەنێت؛ دادگەی فیدراڵی وەزارەتی دارایی پابەندکردووە مووچەی مووچوخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هەموو مووچەخۆرانی عێراق بدات.
عەتوان عەتوانى، سەرۆکى لیژنەى دارایی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە سۆمەرییە نیوزى راگەیاندووە؛ ئەو بڕە پارەیەى بۆ هەرێمى کوردستان دەنێردرێت لە 12.6%ـى بەشە بودجەکەیان دەبڕدرێت و جەختیش دەکاتەوە کە بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى وادەکات هاووڵاتییانى هەرێم نەبنە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە کە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بە مەرجێک لە بەشەبودجە دەدرێت لەجێی ئینفاق فیعلى، کە هەرێمى کوردستان مووچە بە نیشتیمانى بکات تا دوو موچە و سێ مووچەیی نەمێنێت.
عەتوان عەتوانی راشیگەیاند، دادگەی فیدراڵی وەزارەتی دارایی پابەندکردووە مووچەی مووچوخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هەموو مووچەخۆرانی عێراق بدات.
سەبارەت بە خشتەکانی خەرجکردنی بودجەی ساڵی 2024، عەتوانی دوپاتی کردەوە کە پەرلەمان چاوەڕوانی وەرگرتنی خشتەی بودجەیە لە حکومەت و چاوەڕێش دەکرێت لە دوو هەفتەى داهاتو خشتەکە ئامادە ببێت.