سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە هەرێم و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە و بەگوێرەی زانیارییەنیش پرسەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و بەبانکیکردنی مووچە و چارەسەری مووچەی مانگی ١٠ و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا سەرەکیترین تەوەری گفتوگۆکانی دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە هەرێم و بڕیاریشە، لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی کاربەڕێکەر و بەشێکی لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە.
بڕیارە سودانی لەسەردانەکەیدا دۆسیەکانی پرسی پێکهیێنانی حکومەتی نوێ و موچە و بودجەی هەرێم و پرسی نەوت و چەند دۆسیەیەکی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و بەشێک لە بەرپرسانی باڵای لایەنەکان تاوتوێ بکات.
شەوی رابردووش، بەرپرسێکی باڵای نزیک لە سودانی ڕاگەیاند، سبەینێ سودانی دێتە هەرێمی کوردستان – عێراق و بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ١٠ دەدات. وتیشی، لە سەردانەکەی سودانیدا بۆ هەرێم کێشەی موچە چارەسەر دەکرێت.
باسی لەوەش کرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق کێشەی مووچە چارەسەر دەکات و گوژمەی پارە بۆ چارەسەری مووچەی مانگی ١٠ دەنێرێت، هەرچەندە کێشەی مووچەی هەرێم ئاڵۆزە و پێویستی بە کاتە بۆ چارەسەرکردنی.
ئەوەشی خستە روو، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنەکانی لەبارەی چارەسەری کێشەی مووچەوە دەباتە سەر و مووچەخۆرانی هەرێم هیچ تاوانێکیان نییە و ئەرکی سەر شانی هەرێم و بەغدایە کێشەی مووچە چارەسەر بکەن.
