فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت رایگەیاند، لەئاکامی گرژییەکانی ناوچەکە، ئاسمانی عیراق داخراو گەشتەکانی چوون و هاتن لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان ڕاگیران. ئەمەش گرفتێکی زۆری بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان-عێراق لە فڕۆکەخانەکانی ئیستەنبۆڵ دروستکرد کە بەشێوەی ترانزێت دەیانویست بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان-عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکات ژمارەیەک لەحاجیان کە سەفەری ماڵی خوایان کردبوو، لەڕێگەی گەڕانەوەیان لەفڕۆکەخانەی عەممان گیریان خواردووە.
ڕوونیشیکردەوە، حکومەتی هەرێم لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانی خۆی، لە رێگەی پێکهێنانی لێژنەیەک لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ هاووڵاتیان و لایەنە فەرمییەکانی ئەو وڵاتانەی هاووڵاتیان تێیدا گیریان خواردووە لە پەیوەندیدایە بەمەبەستی جێبەجێکردنی ڕێکارەکان، تا بتوانین بەزووترین کات هاووڵاتیانمان بگەڕێنینەوە هەرێمی کوردستان-عێراق.
وتیشی، حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق بە ئەرکی خۆی دەزانێ بە هانای هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان-عێراق بچێت لەکاتی بوونی هەر کێشەو گرفتێک. وەک چۆن لەسەردەمی پەتای کۆڕۆناو لەکاتی ڕووداوە نەخوازراوەکان هەموو هەوڵێکیدا بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانمان.