داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت بۆ مانگی ئایار، گەیشتووەتە حەوت ملیار و 306 ملیۆن دۆلار.
وەزارەتی نەوتی عێراق بە پشت بەستن بە ئامارێکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO)، بڕ و داھاتی نەوتی فرۆشراوی مانگی ئایاری بڵاوکردەوە.
وەزارەتە ئاماژەی بەوە داوە، بڕی ئەو نەوتەی کە لە مانگی رابردوودا ھەناردەکراو، 102 ملیۆن و 463 ھەزار و 387 بەرمیل بووە کە کۆی گشتی داھاتەکەی گەیشتووەتە، حەوت ملیار و 306 ملیۆن دۆلار.
باس لەوەش کراوە، لە مانگی ئایاردا، بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، 102 ملیۆن و 206 ھەزار و 413 بەرمیل بووە.
ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە مانگی رابردوودا، رۆژانە تێکڕا سێ ملیۆن و 305 ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە. ھەروەھا ئاماژە بەوە دراوە کە لە مانگی ئایاردا، یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە 71 دۆلار و 30 سەنت فرۆشراوە.
داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی نیساندا، حەوت ملیار و 799 ملیۆن دۆلار بووە.
بەمەیش داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی ئایاردا، بەراورد بە مانگی نیسان، 493 ملیۆن دۆلار کەمی کردووە.