ئەمریکا دوو پارچە شوێنەواری رادەستی عێراق کردەوە

ئەمریکا دوو پارچە شوێنەواری رادەستی عێراق کردەوە

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، دوو پارچە شوێنەواری دێرین کە مێژووکەیان بۆ چوار ھەزار ساڵ بەرلە ئێستا دەگەڕێتەوە، لەلایەن ئەمریکاوە رادەستی باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتۆن کراوە.

ئایار 24, 2023 20:32
ئەمریکا دوو پارچە شوێنەواری رادەستی عێراق کردەوە
0

لایک

ئەحمەد سەحاف لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، نووسینگەی داواکاریی گشتیی لە نیویۆرک، دوو پارچە شوێنەواری دێرینی رادەستی باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتۆن کردووە.

راشیگەیاندووە، پارچە شوێنەوارەکان لەچوارچێوەی بەردەوامی ھاریکارییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن لە بواری گەڕاندنەوەی پارچە شوێنەوارە دزراوەکانی عیراق، رادەست کراونەتەوە.

ئەحمەد سەحاف باسی لەوەش کردووە بەهای پارچە شوێنەوارەکان 275 ھەزار دۆلارە کە یەکێکیان بریتییە لە فیلێک کە لە کڵس دروست کراوە و ئەوەی دیکەیش بریتییە لە گایەک کە لە مەڕمەڕ دروست کراوە و مێژوویەکەیان بۆ چوار ھەزار ساڵ بەرلە ئێستا دەگەڕێتەوە.

ئەوەیشی خستووەتەڕوو پارچە شوێنەوارەکان لە میانی جەنگی کەنداو لە ناوچەی شوێنەواری ئوروک لە عێراق دزرابوون و لە کۆتاییەکانی ساڵی 1990 برابوون بۆ نیویۆرک.

ئەحمەد سەحاف راشیگەیاندووە یەکێک لە پارچە شوێنەوارەکان لە کۆگایەکی تایبەت بە بازرگانییکردن بە کەلوپەلی دێرین کە خاوەنەکەی ناوی شێلبی وایت-ە دەستی بەسەردا گیراوە و ئەوەی دیکەیش لە کۆگایەکی تایبەت بە بازرگانییکردن بە کەلوپەلی دێرین کە خاوەنەکەی ناوی رۆبن سیمس-ە، دەستی بەسەرداگیراوە.

تا ئێستا عێراق بە ھەماھەنگیی لەگەڵ ئەمەریکا ژمارەیەک لەو پارچە شوێنەوارانەی گەڕاندووەتەوە کە لە دوای ساڵی 2003ـوە دزرابوون و برابوونەتە دەرەوە.

En az 10 karakter gerekli
Gönderdiğiniz yorum moderasyon ekibi tarafından incelendikten sonra yayınlanacaktır.