سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، وڵاتەکەی لە جەنگە 12 رۆژییەکە لە بەرامبەر ئێران سەرکەوتوو بووە. دەشڵێت، رووبەڕووی هەر هەوڵێکی ئێران بۆ بنیاتنانەوەی پرۆگرامی ئەتۆمی دەبنەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی سێشەممە 24ی حوزەیرانی 2025 لەبارەی جەنگە 12 رۆژییەکەیان لەگەڵ ئێران قسەی کرد.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ناهێڵن ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی و هەر هەوڵێکی وڵاتەکەش بۆ بنیاتنانەوەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران لەنێو دەبەن.
رۆژی 13ی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشێکی چاوەڕواننەکراوی کردە سەر ئێران. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئامانجیان بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێرانن. دواتر تاران بە مووشەک و درۆن وەڵامی دایەوە.
هەروەها ناتانیاهۆ لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر ئێران دەڵێت، “گورزێکمان لە ئێران دا لە مێژوودا نەیبینوە”.
هاوکات وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێت، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 600 کەس کوژراون. ناتانیاهۆ دەڵێت، “زانا ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەنێو بردن.”
رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا بەشێوەیەکی راستەوخۆ هاتە نێو جەنگەکە و هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باس لە رۆڵی دۆناڵد ترەمپ لە پشتیوانی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت، “ئیسرائیل لە مێژوودا دۆستێکی هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپی بەخۆیەوە نەبینیوە.”
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی 23ـی حوزەیران نەخشەڕێگەی ئاگربەستی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلی ڕاگەیاند.
بەگوێرەی نەخشەڕێگەکە، کاژێر 7ی بەیانی رۆژی 25ی مانگ جەنگەکە کۆتایی دێت.