شاخەوان عەبدوڵلا جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتی، سبەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە و یەکێک لە بابەتەکان کە لە کۆبوونەوەکەدا دەخرێتە بەرباس، مادەکانی 13 و 14ی رەشنووسی یاسای بودجەیە.
رۆژی یەکشەممە، 28ـی ئایاری 2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سبەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە و باس لە گۆرانکاریەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمان لە مادەکانی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا دەکرێت.
هەروەها دەڵێت، بنەمای گۆڕانکارییەکانی مادەی 13 و 14ی پڕۆژەیاساکە، ”سیاسەتێکی دوژمنکارانەیە”.
پێنجشەممەی رابردوو، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستکاری بڕگەی تایبەت بە هەناردەی نەوتی هەرێمی لە رەشنووسی بودجەی عێراقدا کرد. لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕگەیەكی لەناو پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 جێگیركرد كە حكومەتی هەرێمی پێ پابەند دەكات بەگێڕانەوەی موچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران بەڕێژەی 10%ی مانگانە.
لەكۆبونەوەكەدا ماددەكانی 13 و 14ـی تایبەت بە پشكی هەرێم بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی لیژنەی دارایی پەسەندكران.
بەگوێرەی یەكێك لە بڕگە پەسەندكراوەكان، بودجەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025ـی حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بەگێڕانەوەی موچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران بەڕێژەی 10%ی مانگانە بۆ سەرەڕای موچەكەی خۆی تا هەموو موچە پاشەكەوتكراوەكان دەدرێتەوە فەرمانبەران.
هەروەها دەستكاری چەند بڕگەیەكی ئەو ماددانەی پەیوەست بوون بە پشكی هەرێم كراوە و ئەوەش ناڕەزایەتی فراكسیۆنی پارتی لێكەوتەوە، بەوهۆیەوە نوێنەری فراكسیۆنی ئەو حزبە كۆبوونەوەكەی جێهێشت.