وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی لە دهۆک کرد و پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دووپات کردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ٢٨ـی ئاداری ٢٠٢٦، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاوە پێگەیشت. لە پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک و جەختی لەوە کردەوە کە ئەنقەرە پشتیوانی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات.
لای خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی وەزیری دەرەوەی تورکیای کرد بۆ پەیوەندییەکەی و هەڵوێستی تورکیا لە ئیدانەکردنی هێرشەکەدا. هەروەها هەردوولا دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوانیان بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی گشتی کردەوە.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتێکدایە، کە بەئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک، شەپۆلێکی فراوانی ئیدانەکردنی لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و وڵاتانی ناوچەکەش نیگەرانیی خۆیان لە تێکچوونی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق دەربڕیوە.