مەسرور بارزانی: پێویستە لە زووترین کاتدا هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • مەسرور بارزانی: پێویستە لە زووترین کاتدا هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە

مەسرور بارزانی: پێویستە لە زووترین کاتدا هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە

تشرینی دووه‌م 12, 2023 14:51
مەسرور بارزانی: پێویستە لە زووترین کاتدا هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە
0

لایک

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دووپات دەکاتەوە و بە پێویستی دەزانێت، “لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە”. 

ئەمڕۆ یەکشەممە 12-11-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری کە لە بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیى کۆمپانیای (سۆمۆ) پێکهاتبوو، کۆبووەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی ڕێکار و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کران.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، مەسرور بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دووپات کردەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هێنانەکایەی لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەش بە ئاراستەی بەجێگەیاندنی پێداویستیيە دارایی و تەکنیکیيەکانی پرۆسەی هەناردەكردن و لە چوارچێوەی بنەما دەستووریی و گرێبەستەکان و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی سەرجەم لایەنەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی خەرجیى شایستەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم کە لەناو بودجەی حكومەتی فیدڕاڵ تەرخانکراویی پێویستی بۆ دانراوە.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە و پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردن دەست پێ بکاتەوە. لەمبارەیەوە وەزیری سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی ڕاسپارد کە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکەن کە بڕیارە بۆ چەند ڕۆژێک لە هەولێر بمێننەوە.

جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدڕاڵ، خواستی حکومەتی فیدڕاڵی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕی و ئەم داوایەشی بە ناوی سەرۆکوەزیران و حکومەتی فیدڕاڵ خستەڕوو، ئەویش لە ڕێگای ده‌ستەبەرکردنی زەمینەیەکی لەباری هاوبەش لە چوارچێوەی دەستوور و لابردنی ئاستەنگ و لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکە.

لە کۆتاییدا بڕیاردرا کە هەردوو وەزارەت درێژە بە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەکان لەسەر وردەکارییە قانونی و دارایی و تەکنیکیيەکان بدەن تاکوو بە لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەشەوە، چارەسەرەکان بخرێنەڕوو بە ئامانجی ئەوەی لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە زیادکردنی سەرچاوەی داهاتی گشتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و خەرجکردنەوەی بۆ بەرژەوەندی گشتی دەبێت.

En az 10 karakter gerekli