وتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق راگەیاند، “رۆژى 7ى نیسان تیروپشک بۆ ژمارەى لیست و بەربژێرەکان دەکەین”.
جومانە غەلاى، وتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە میدیاکانی راگەیاند: وەرگرتنى ناوى کاندید و هاوپەیمانى و لیست و قەوارە سیاسییەکان کۆتایی هاتوە و لە 7ـى مانگیش تیروپشک بۆ ژمارەى کاندیدان دەکرێت.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە پێشنیوەڕۆى رۆژى 7ـى ئەم مانگە لە بارەگاى سەرەکى کۆمیسیۆن لە بەغداد کاتژمێر 11:00 تیروپشک بۆ پێدانى ژمارە بە کاندیدان بەڕێوەدەچێت.
ئەوەشى ئاشکرا کرد کە کارەکانى پێدانى ژمارە بە کاندیدان بە ئامادەبونى میدیاکان بەڕێوەدەچێت و ژمارەکانیش لە 101 دەستپێدەکەن و کارەکەش لەڕێگەى دوو ئامێرەوە ئەنجام دەدرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ دوشەممە، وتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، “رۆژى 6ى نیسان تیروپشک بۆ ژمارەى لیست و بەربژێرەکان ئەنجام دەدرێت”.