دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵاکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لەسەر یاسای بودجە تاوتوێ کرد و بڕگەی یەکەم لە ماددەی 11 و بڕگەی حەوتەم لە ماددەی 13 هەڵوەشاندەوە.
دادگاى فیدراڵى عێراق دوو دەستەواژەی ناو یاسای بودجەی بە نادەستوریی لەقەڵەمدا و بەوەش ئەو سکاڵایەی پەیوەست بو بەو دوو بڕگەیە لەبەرژەوەندی هەرێم یەکلایی کرایەوە.
بەپێی بڕیاری دادگاکە، بڕگەی یەکەمی مادەی 11 و بڕگەی حەوتەمی مادەی 13 کێشەیان تێدایە و دژی دەستوورن.
بەپێى بڕگەی یەکەمی مادەی 11، پشکی هەرێم لەلایەن وەزارەتی داراییەوە و دوای نیشاندانی رەزامەندیی لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە خەرج دەکرێت، دادگای فیدراڵییش دەڵیت: خەرجکردنی ئەو پشکە رەزامەندی سەرۆکوەزیرانی عێراقى پێویست نییە و بە نادەستوورى ناوى برد.
هاوکات لە بڕگەی حەوتەمی مادەی 13ی یاسای بودجەش ئەو ناکۆکییانەی کە لەنێوان هەرێم و بەغداد دێتە ئاراوە، لە یاساکەدا ئەوە جێگیرکراوە کە دەبێت لە پەرلەماندا ناکۆکییەکە یەکلایی بکرێتەوە، دادگا ئەوە بە نادەستوری دەزانێت و دەڵێت: پەرلەمان شوێنی یەکلاییکردنەوەی ئەو ناکۆکییانە نییە.