ئەمڕۆ شەممە لە کاتژمێر ٧:٠٠ـی بەیانیی، وادەی کۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتایی هات و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بێدەنگیی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند. سبەی دەنگدانی تایبەت و سێشەممەش دەنگدانی گشتی بەڕێوە دەچێت.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە ٨ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، کاتژمێر ٧:٠٠ـی بەیانی وەک وادەی کۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاری کرد. بە کۆتاییهاتنی ئەو کاتەش، کۆمسیۆن بە فەرمی بێدەنگیی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند.
کۆمسیۆن بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی بێدەنگیی هەڵبژاردندا پێویستە هەموو جۆرە بانگەشەیەک بۆ حزب و کاندیدەکان ڕابگیرێت. مەبەست لەم بڕیارەش ئەوەیە کە دۆخ و کەشێکی ئارام بۆ دەنگدەر بڕەخسێندرێت تا بتوانێت بە ئازادی و هۆشیارانە بڕیاری خۆی بدات.
هەروەها ڕێکارەکانی بێدەنگیی هەڵبژاردن بەم شێوەیەیە:
• بێدەنگیی هەڵبژاردن لە ڕۆژی شەممە 8٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ کاتژمێر ٧ڵ٠٠ بە یانی دەست پێ دەکات.
• لە ماوەی بێدەنگیی هەڵبژاردندا، هەموو چالاکییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە لایەن کاندیدەکانەوە قەدەغەیە.
• لەم ماوەیەدا هەموو چالاکییەک کە بانگەشەکردن بێت بۆ کاندیدێک یان لایەنێک بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی دەنگدەران، دەبێت بووەستێت.
• لە ماوەی بێدەنگیدا، میدیاکان تەنیا سەرنجیان لەسەر ڕێنماییکردنی دەنگدەران لەسەر گرنگیی بەشداریکردن دەبێت.
سبەی یەکشەممە ٩ ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە دەچێت و ڕۆژی سێشەممەش ١١ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دەنگدانی گشتیی بەڕێوە دەچێت.
