ئەمڕۆ دووشەممە، 04-11-2024، مەیسەم سافى، وتەبێژى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق بە میدیای پارتی راگەیاند: نەخشەى بنەڕەتیی پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان تەواو کرا کە لەلایەن کۆمپانیایەکى ئیتاڵییەوە ئامادە کراوە.
درێژیى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان 1200 کیلۆمەترە، لە هێڵى گواستنەوەى کاڵا و گەشتیارى و شەمەندەفەر و وشکانی پێکدێت، لە بەندەرى فاو لە بەسرە دەستپێدەکات تاوەکو تورکیا. مەیسەم سافى وتى: “هێڵەکە بەگوێرەى نەخشە بنەڕەتییەکەى، لە پێشابوور و هەرێمهوه تێپەڕ دەبێت بۆ تورکیا”.
تێچووی پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلارە، 10.5 ملیار دۆلارى بۆ شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەبێت و 6.5 ملیار دۆلاریش تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکەى دەبێت، قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە ساڵی 2028 تەواو دەبێت و دوایین قۆناخى لە 2050 تەواو دەبێت.
وتەبێژى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق رایگەیاند: “قۆناخى کۆتایی نەخشەکە لە 2025 ئامادە دەبێت و وردەکاریى پڕۆژەکەى تێدایە، وەکو پرد، باڵەخانە و وێستگەکان و دواى ئەوە دەخرێتە بەردەم کۆمپانیاکان بۆ جێبەجێکردن”.
15 کۆمپانیا پڕۆژەکە جێبەجێى دەکەن، پێشبینی دەکرێت داهاتى ساڵانەى بگاتە چوار ملیار دۆلار.