وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای بە هاووڵاتیان لە رۆژانی جەژندا ئاشکرا کرد و دەڵێت، بە رەچاوکردنی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ئەو بڕیارەیان داوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی کارەبای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بڵاویکردەوە، بە بەرهەمهێنانی سێ هەزار و 800 مێگاوات کارەبا لە هەر چوار رۆژی جەژنی قوربان رۆژانە 16بۆ 17کەتژمێر کارەبا دەدرێتە هاوبەشانیان.
ئەوەش هاتووە، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرهەمهێنان و وێستگەکان و کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم و پارێزگاکان و فەرمانگەکانی چاککردنەوە 24 کاتژمێر لە ئەرکدا دەبن.
ئەوە لە کاتێکدایە، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم لە سەرەتای ئەم مانگە رایگەیاند، چاکسازی لە کەرتی کارەبا دەکەن و لە رۆژی 16ی حوزەیرانەوە بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە و دەگاتەوە چوار هەزار و 200 مێگاوات.