حکومەتی هەرێم راسپاردەی نوێی لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەرکرد
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • حکومەتی هەرێم راسپاردەی نوێی لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەرکرد

حکومەتی هەرێم راسپاردەی نوێی لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەرکرد

ئازار 15, 2023 21:42
حکومەتی هەرێم راسپاردەی نوێی لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەرکرد
0

لایک

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و ژمارەیەک راسپاردە و پێشنیاری سەبارەت بە چۆنیەتی زیادکردنی داهاتی گشتی و دابینکردنی موچەی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینان و دابەشکردنی لە کاتی خۆیدا دەرکرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبۆوە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی ئەنجامی سەردانی دوێنێی شاندی باڵای حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕو.

سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، “لە بارەی چەندین تەوەر، گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە کرا و هەستمان بەوە کرد کە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، ویست و ئارەزویەکی بەهێزی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستور و ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت”.

سەرۆک وەزیران بە بۆنەی تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەپارێزگابونی هەڵەبجە کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، سوپاسی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و حکومەتی عێراقی کرد و هیوای خواست ئەم هەنگاوە، ببێتە هۆی زیاتر بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان لەو پارێزگایە، بۆ ئەم مەبەستەش، سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەدا، “دوێنێش داوای لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کردوە کە پێویستە بە پێی دەستور، قەرەبوی بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدان و زیانلێکەوتوانی دەستی ڕژێمی پێشوی عێراق بکرێتەوە”.

لە بڕگەی دوەمی کۆبونەوەکەدا، دوایین هەنگاوەکانی پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق لە لایەن شاندی دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خرایەڕو.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، جەختی لە وە کردەوە کە هەروەک چۆن لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ، هەماهەنگییەکی باش لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ هەبو، پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجەش، هەماهەنگیی و لەیەکتێگەیشن لە نێوان هەردولا هەبێت، بۆ ئەوەی یاسای بودجە بە باشی و دروستی و بەشێوەیەک جێبەجێ بکرێت کە لە خزمەتی گشت پێکهاتەکانی عێراقدا بێت.

ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە پەسەندکردنی ڕەشنوسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەکات و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ، میکانیزم و ڕێکاری پێویست دادەنێت بۆ ئەوەی بڕگەکانی ئەم یاسایە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی جێبەجێبکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا دەکات ئەم پڕۆژە یاسایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، لە ماوەیەکی نزیکدا پەسەند بکرێت تاکو هەرچی زوە، بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبونەوەکە، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ئێستای دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و ڕاسپاردە و پێشنیاری پێویست سەبارەت بە چۆنیەتی زیادکردنی داهاتی گشتی خرانەڕو، بەمەبەستی پڕکردنەوەی خەرجییەکان و دابینکردنی موچەی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینان و دابەشکردنی لە کاتی خۆیدا.

En az 10 karakter gerekli