سەرۆک کۆماری ئێران، هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت: ئەگەر لە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران بەردەوام بێت، ئەوا هێزە چەکدارەکانی ئێران بە وەڵامێکی توندتر و بەهێزتر ڕووبەڕووی ئیسرائیل دەبنەوە.
ئەمڕۆ شەممە، رێكەوتی 14ـی حوزەیرانی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، بە تەلەفۆن لەگەڵ شێهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان قسەی کرد.
سەرۆکایەتی کۆماری ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، هەماهەنگی ئیسرائیل لەگەڵ ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئێران و لەباربردنی دانوستانەکان، بەڵگەیە بۆ ناڕاستگۆیی ئەمریکا.
مەسعود پزیشکیان، ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران بەردەوام بێت، ئەوا هێزە چەکدارەکانی ئێران بە وەڵامێکی توندتر و بەهێزتر ڕووبەڕووی ئیسرائیل دەبنەوە.
هەر ئەمڕۆ، بەردر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، ڕایگەیاند: بڕیار بوو سبەینێ 15ـی حوەزیران، گەڕی شەشەمی دانوستان لە نێوان ئەمریکا و ئێران، لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران لە مەسقەتی پایەختی عوممان بەڕێوە بچێت، بەڵام دانوستانەکان ئەنجام نادرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، تا هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام بن، دانوستان لەگەڵ لایەنێک کە گەورەترین لایەنگر و هاوبەشی ئیسرائیل بێت، هیچ سوودی نابێت.
لەو بارەیەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، گفتوگۆی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا ئاڵۆزە و کاتی زیاتری پێویستە، باسی لەوەش کردبوو، بەهۆی پێشکەشکردنی پێشنیازەکانی عوممان، پێشکەوتنی باش لە دانوستانەکاندا هەبوو.