سەرۆککۆمار و وەزیری بەرگری تاوتوێی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و تورکیایان کرد
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • سەرۆککۆمار و وەزیری بەرگری تاوتوێی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و تورکیایان کرد

سەرۆککۆمار و وەزیری بەرگری تاوتوێی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و تورکیایان کرد

شوبات 6, 2024 14:22
سەرۆککۆمار و وەزیری بەرگری تاوتوێی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و تورکیایان کرد
0

لایک

لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق، وەزیری بەرگریی تورکیا لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەوە و پرسی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و تورکیایان تاوتوێ کرد.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایگەیاندووە، سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە بەڕێز یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا و وەفدی یاوەری، کە فەریق روکن سەعد مەزهەر عەللاق یاریدەدەری سەرۆکی ئەرکانی سوپا ئامادەیبو.

لەراگەیەندراوەکدا هاتووە، لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 6-2-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، باس لە چۆنێتی پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ئاسۆی هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات کرا، بەتایبەت لەبوارەکانی ئەمنی و زانیاریی هەواڵگری لەپێناو بەرژەوەندی ئاسایش و سەقامگیری هەردوو وڵات، هاوکات مەسەلەی ئاو و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەشێوەیەک کە بەرژەوەندی هاوبەشی گەلانی عێراق و تورکیا مسۆگەربکات، تاووتوێکران.

سەرۆککۆمار جەختیکردەوە، کە پێویستە چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە سنور و دۆسییەی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات لەڕێگەی هاریکاری و راوێژ و هەماهەنگی هاوبەش و پێکهێنانی لیژنەی ئەمنی لەنێوان هەردوولا بێت بۆ دەستنیشانکردنی کێشەکان و دانانی چارەسەری پێویست بۆیان و رەتکردنەوەی بڕیاری تاکلایەنە لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و نابێت خاکی عێراقیش بکرێتە سەرچاوەی هەڕەشەکردن لەسەر وڵاتانی دراوسێ یان ئەوانی دیکە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و راگرتنی ئەو پێشێلکارییە سەربازیانەی دەکرێنە سەر خاکی عێراق لەنێویاندا شارەکانی هەرێم، هەروەها چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا لەڕێگەی گفتوگۆ و بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەکان، بەشێوەیەک کە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیری بکات بۆ گەلانی ناوچەکە، دوپاتکردەوە.

شایەنی باسە لەراگەیەندراوەکدا باس لەوەکراوە، هەروەها سەرۆک کۆمار باسی دۆسییەی ئاوی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە عێراق لەو بارودۆخە تێدەگات کە وڵاتانی جیهان پێیدا تێدەپەڕن و کاریگەری دروستبوە لەسەر ئاو بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، بەڵام جەختیکردەوە لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی دۆسییەی ئاو لەڕووی تەکنیکی و دەستەبەرکردنی پشکێکی دادپەروەرانە بۆ عێراق بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و چالاککردنی کاری لیژنە هاوبەشەکان و سوودوەرگرتن لە شارەزایی لە بەڕێوەبردنی دۆسییەکانی ئاودا.

بەپێی راگەیەندراوەکە، “سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە چەندین رێوشوێنی تورکیا کرد کە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و شارەکانی تورکیای راگرتوە، کە دەبێتەهۆی تێکدانی هاریکاری هاوبەش و رێگری لە پاراستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان هەردوو گەل دەکات، هاوکات بەڕێزیان ئاماژەیکرد بە بەرژەوەندی هاوبەش بەتایبەتی لە پڕۆژەکانی ئاودێری و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لەسەر روباری زاب، هەروەها بوونی بازرگانان و کۆمپانیاکانی تورکیا و زیادبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە خاڵی دەستپێک دادەنرێت بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش سەبارەت بەو ئاستەنگانەی روبەڕوی هەردوو وڵات دەبنەوە”.

هاوکات لەراگەیەندراوەکدا هاتووە، “لای خۆیەوە یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق نیشاندا و ویستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەشە لە بوارە جیاجیاکاندا بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی هاوبەش بەدیبهێنێت بۆ هەر دوو گەلی دۆست”.

سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، وەزیری بەرگری تورکیا ڕوونیکردەوە هاوکاریی هاوبەش هەیە کە بریتییە لە دروستکردنی سەنتەری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەروەها پڕۆژەیەک بۆ دروستکردنی سێ بەنداو لەسەر ڕووباری زاب، هەروەك بایەخی خۆی نیشاندا بۆ دانانی چارەسەرێک لەپێناو گەڕاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لەنێوان سلێمانی و شارەکانی تورکیادا.

بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی بوومەلەرزەکەوە، وەزیری بەرگری تورکیا هەڵوێستی عێراقی لە دابینکردنی هاوکاری بۆ گەلی تورکیاش بەرز نرخاند و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پاڵپشتی چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی و چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان دەکات.

En az 10 karakter gerekli