زاملی: ھیچ ئاماژەیەک نییە ئەو ماڵەی لە هەولێر بۆردوومانکرا بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • زاملی: ھیچ ئاماژەیەک نییە ئەو ماڵەی لە هەولێر بۆردوومانکرا بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت

زاملی: ھیچ ئاماژەیەک نییە ئەو ماڵەی لە هەولێر بۆردوومانکرا بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت

كانونی دووه‌م 21, 2024 20:14
زاملی: ھیچ ئاماژەیەک نییە ئەو ماڵەی لە هەولێر بۆردوومانکرا بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت
0

لایک

سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەڵێت، ماڵى پێشڕەو دزەیى کە لە هەولێر بۆردوومانکرا، هیچ ئاماژەیەک نییە بنکەیەکى سیخوڕى بووبێت.

عەباس زاملی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەکاتى سەردانى پاشماوەى ئەو خانووەى لەشارى هەولێر لەلایەن سوپاى پاسدارانى ئێرانەوە بۆردوومانکرا، لە کۆنفڕانسێکى رۆژنامەوانیدا وتى، بە دڵنیاییەوە رووداوەکە ناخهەژێنە، چوونە شوێنی رووداوەکە و دیمەنەکان زۆر تراژیدیان، ماڵەکە شوێنی نیشتەجێبوونی هاونیشتمانییانى سڤیل بووە، ھیچ ئاماژەیەک نییە بنکەیەکی سیخوڕی بووبێت.

وتیشى، ھێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان-عێراق ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە، ئەگەر بەڕاست بنکەیەکی سیخوڕیی ھەر وڵاتێک لەنێو ھەرێم هەبێت، ئێران دەیتوانی لەرێگەی ھەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمى کوردستان-عێراق بە گفتوگۆ ئەو بابەتە چارەسەربکات، نەک ھێرشی مووشەکی بکاتەسەر ماڵی هاونیشتمانییەکى سڤیل.

هاوکات شاخەوان عەبدوڵلا جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەى بەوەکرد، هاتنیان بۆ ئەوەیە لەنزیکەوە شوێنی رووداوەکە ببینن، ماڵێکی سڤیلە و خاونەکەی سەرمایەدارێکی شاری هەولێرە بەناوی پێشڕەو دزەیی.

وتیشى، پێشتریش جارێکی دیکە ماڵی یەکێک لە سەرمایەدارەکانی هەولێر بەناوی شێخ باز لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەئامانجگیرا و مووشەکباران کرا، جگە لە ئیدانەکردن شەقامی عێراق و هەرێم چاوەڕوانی هەنگاوی زیاتر دەکات بە ئاڕاستەی ئەوەی ئەم تاوانانە بوەستێندرێت.

باسى لەوەشکرد، ئەوەی زیاتر ئەوان برینداردەکات ئەوەیە، هەموو ئەو هێرشانە لەلایەن ئێرانەوە دەکرێت، لەکاتێکدا ئەو کەناڵە ئەمنی و دیپلۆماسیانە هەیە و پەیوەندییەکی دوور و درێژیان هەیە، بەڵام ناکرێت ئەم تاوانە ئەنجامبدرێت و خەڵکی عێراقیش ئەمە قبوڵناکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـى کانوونى دووەمى 2024، لیژنەیەکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەى سوپاى پاسدارانى ئێران سەردانى شارى هەولێریان کرد، پێشتریش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی سەردانی هەولێریان کرد و شوێنی بۆردوومانەکەیان بەسەرکردەوە.

En az 10 karakter gerekli