عێراق ئامادەکاریی بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران کردووە، کە ئەمساڵ لەنێوان مانگی نیسان بۆ تەمموز وەرگرتنی گەنم بەردەوام دەبێت.
محەمەد حەنوون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە02-04-2023، لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بۆ وەرزی دروێنەی ئەمساڵ وتی، “بەپێی ئەو خشتەیەی دامانناوە، بڕیارە ئەمساڵ بڕی سێ ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنمی جوتیاران لە سەرتاسەری عێراق وەربگرین، بڕی 850 هەزار دیناریش وەکو شایستەی دارایی بۆ کڕینی هەر تۆنێک دیاریکراوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “سەرباری کەمیی ئاو و کەمی رێژەی بارانبارین، بەڵام چاوەڕوان دەکەین ئەمساڵ لە ساڵی پار زیاتر گەنم لە جوتیاران وەربگرین، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو سایلۆکانمان بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران ئامادەکردووە”.
تایبەت بە پێدانی پارەی گەنمی جوتیاران کە ساڵانی رابردوو کێشەی تێدابوو، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی وتی، “بەپێی رێنماییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیارە لەماوەی دوو هەفتەدا لەدوای رادەستکردنی گەنمەکەی، جوتیارەکە پارەی خۆی وەربگرێت و ئەمساڵ پێدانی پارەی گەنمی جوتیاران دواناکەوێت، جگە لە هاندان بۆ جوتیاران، ئەمساڵ کارەکان زیاتر رێکخراوتر دەبن”.