سەفین دزەیی ڕایگەیاند، بۆ هاوکاریکردنی ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت لە دەرەوە بگەڕێنەوە هەرێم، ژوورێکی هاوبەش و دوو هێڵی گەرمیان دابین کردووە دەشڵێت: سوپاسی کونسوڵگەری گشتی تورکیا دەکەم بۆ هەماهەنگییان لە پێدانی ڤیزەی ٥ رۆژی بەو کەسانەی دەیانەوێت لە رێگەی وشکانییەوە بگەڕێنەوە هەرێم.
ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی ئاداری ٢٠٢٦، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق رایدەگەیەنێت، بۆ هاوکاریکردنی ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت لە دەرەوە بگەڕێنەوە هەرێم، ژوورێکی هاوبەش و دوو هێڵی گەرمیان دابین کردووە؛ جەختیش دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان-عێراق هەمیشە فاکتەری ئارامی بووە و رێگا نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.
دزەیی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان رایگەیاند، بەداخەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووچاری شەڕ و پێکدادان بووەتەوە و هەمیشە خەڵکی مەدەنی دەبنە قوربانی یەکەم، هیوادارین ئەم بارودۆخە زوو کۆتایی بێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەفین دزەیی وتی، وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق هەمیشە هەوڵمان داوە بە هانا و دەنگی هاووڵاتییانمانەوە بچین. بەر لە دوو رۆژ کۆبوونەوەیەکی فراوانمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەنجامدا و ژوورێکی هاوبەشمان لە JCC پێکهێناوە.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە وتیشی: “رێکارێکمان داناوە بۆ کردنەوەی دوو هێڵی گەرم، تاوەکو هاووڵاتییانمان لە وڵاتانی کەنداو، ئەوروپا و هەر شوێنێکی دیکە بن، بتوانن پەیوەندی بکەن و زانیارییان لێ وەربگیرێت، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە و زووترین کات بیانگەڕێنینەوە هەرێمی کوردستان.”
سەفین دزەیی سوپاسی کونسوڵگەری گشتی تورکیای کرد بۆ هەماهەنگییان لە پێدانی ڤیزەی ٥ رۆژی بەو کەسانەی دەیانەوێت لە رێگەی وشکانییەوە بگەڕێنەوە هەرێم.
سەبارەت بەو هاووڵاتییانەشی لە ئێرانن بۆ چارەسەری یان خوێندن، رایگەیاند کە دەتوانن لە رێگەی دەروازەکانەوە بگەڕێنەوە، بەڵام لە ئێستادا رێگە نادرێت کەس لە هەرێمەوە بچێتە ناو ئێران.
سەبارەت بە هێرشەکان، روونی کردەوە کە کونسوڵگەری گشتی ئەمریکا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر (ئەربیل) کراونەتە ئامانج، کە بەشێکیان درۆن بوون و لە ناوخۆی عێراقەوە لە لایەن هەندێک “میلیشیای لەیاسا دەرچوو” ئاراستە کراون، بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندی بە بەغدادوە کراوە تاوەکو کۆنتڕۆڵی ئەو میلیشیایانە بکەن.
دەربارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا، سەفین دزەیی وتی: “ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩١ـەوە پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بووە و ناوچەی دژەفڕینیان بۆ دابین کردووین، هەروەها لە شەڕی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ پاڵپشتمان بوون، بۆیە ئەم پەیوەندییە وەک هاوپەیمان شتێکی نوێ نییە.”
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە سیاسەتی حکوومەتی هەرێم ئەوەیە هەمیشە فاکتەری سەقامگیری بێت و وتی: “رێگا نادەین خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانمان، چونکە عێراق خۆی کێشەی زۆرە و نابێت رابکێشرێتە ناو شەڕێک کە شەڕی ئەو نییە.”
1
دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكاتەوە
2
نێچیرڤان بارزانی: نابێت مووچە بکرێتە بارمتەی سیاسی
3
کۆنگرەی 14ـی پارتی؛ ناوی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی راگەیەندرا
5
لیستی هاوپەیمانی تورکمانی: لەناوبردنی سیستەمی کۆتا جێگای قەبوڵ نییە و هەڵوێستی توندمان دەبێت