ئایا بازرگانی کردن بە دینار و لیرەی تورکی لە نێوان عێراق و تورکیادا دەستی پێکردووە؟
  • TEBA KURDİ
  • Uncategorized
  • ئایا بازرگانی کردن بە دینار و لیرەی تورکی لە نێوان عێراق و تورکیادا دەستی پێکردووە؟

ئایا بازرگانی کردن بە دینار و لیرەی تورکی لە نێوان عێراق و تورکیادا دەستی پێکردووە؟

شوبات 25, 2024 17:32
ئایا بازرگانی کردن بە دینار و لیرەی تورکی لە نێوان عێراق و تورکیادا دەستی پێکردووە؟
0

لایک

بانکی ناوەندی عێراق بڵاویکردەوە، عێراق و تورکیا رێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە یۆرۆ و لیرەی تورکی و دیناری عێراقی.

بانکی ناوەندی عێراق ناوەڕۆکی دانوستانەکانی نێوان عێراق و تورکیای بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەی بانکی ناوەندی عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە، کۆبوونەوەکانی شاندی عێراقی کە پێکهاتبوون لە نوێنەرانی حکومەتی عێراق، بانکی ناوەندی، کۆمەڵەی بانکە ئەهلیەکانی عێراق و کەرتی بانکی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا، لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو.

هاوکات، لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، لە کۆبوونەوەکاندا گرفتەکانی مامەڵەی بازرگانی بۆ بازرگانان و هاوردەکارە گەورەکان بە یۆرۆ و لیرەی تورکی و رێککەوتنە بانکییەکانی نێوان بانکە عێراقی و تورکییەکان تاوتوێ کراون.

بانکی ناوەندی عێراق ئاشکرای کرد، بەپێی پرۆسەی بازرگانییەکانیان بازرگانان و تاک فرۆشیاران رێککەوتوون لەسەر دانانی پارە بە دینار و رێکخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ناوخۆی عێراق.

ئەوەش خرایەڕوو”جگە لە هەناردەکردنی بەرهەم لە تورکیاوە بۆ عێراق، ئاسانکاری بۆ بازرگانان دەڕەخسێنن و لە نەرێنییەکانی سیستەمی دارایی دەیانپارێزن لە چوارچێوەی رێکخستنی پرۆسەی بازرگانی و گواستنەوەی بەرهەمەکان بەپێی ئەو پلانە هەمەلایەنەی کە بانکی ناوەندی لە سیستەمی داراییدا پەیڕەوی دەکات”.

سەبارەت بەو بڕیارە وەک رۆژنامەی تەبا لەگەڵ نەواف کڵچ، سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی پیشەوەران و بازرگانانی نێودەوڵەتی (USIAD) چاوپێکەوتنێکمان ئەنجامدا.
سەرۆکی (USIAD) رایگەیاند، “تا ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە، بەڵام پرسی هەناردەکردن بۆ عێراق بە لیرەی تورکی و دیناری عێراقی لە بەرنامەی کاردایە. لە ئێستادا دانوستانەکان بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە”.
کڵچ ئاماژەی بەوەشکرد، “لەگەڵ ئەوەداین کە بازرگانی بە لیرەی تورکی و دینار ئەنجام بدرێت، وەک جیهانی بازرگانی پێمان خۆشە پارەکەمان لە هەناردەکردن لە تورکیاوە بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی پارەکەمان بەهای زیاتری هەبێت”.

”گەورەترین ئارەزوومان بەرزبوونەوەی بەهای پارەکەمانە“

نەواف کڵچ، سەرۆکی (USIAD) راشیگەیاند کە تا ئێستا نووسراوێکی فەرمییان سەبارەت بە بازرگانی بە لیرە و دینار پێنەگەیشتووە و وتی، “تا ئێستا هیچ ئاگادارییەکمان لە حکومەتی تورکیا و عێراقەوە پێنەگەیشتووە، بەڵام ئێمە دەزانین کە دانوستانەکان لەسەر ئەم بابەتە بەردەوامن و گەورەترین ئاواتی ئێمە ئەوەیە کە دراوەکەمان بەهای خۆی پەیدا بکات. ئەگەر ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێت، سوودێکی زۆری دەبێت”.
”لە ئێستادا گرنگترین هاوبەشی ئێمە لە نێوان وڵاتانی دراوسێ عێراقە“
سەرۆکی (USIAD) وتیشی، “لە ئێستادا گرنگترین هاوبەشی ئێمە لە نێوان وڵاتانی دراوسێ عێراقە. ساڵی رابردوو هەناردەکردنمان بۆ عێراق بۆ ١٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بەرزبووەوە. ئێمە دەمانەوێت ئەمە زیاتر بێت. چونکە عێراق وڵاتی برامانە، بێگومان گەورەترین ئاواتی ئێمە ئەوەیە کە هەناردەکردنمان زیاد بکەین”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، دەیانەوێت بازرگانانی تورکیا لە هەر ١٨ پارێزگای عێراق کار بکەن و راشیگەیاند، “ژمارەی دانیشتووانی عێراق ٤٥ ملیۆن کەسە کە نیوەی قەبارەی تورکیایە. لێرە بەرهەمهێنان زۆر کەمە، تازە دەستیان بە پیشەسازی کردووە. بێگومان گەورەترین ئاواتی ئێمە ئەوەیە کە وڵاتی برامان عێراق بەرهەمی تورکی لەم بازاڕەدا بە باشتر بزانێت. ئێمە وەک سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەوەران و بازرگانانی نێودەوڵەتی هەموو ئامرازەکانمان لەم بوارەدا بەکاردەهێنین”.

“ساڵانە رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا بەرز دەبێتەوە”

کڵچ باسی لە ڕێژەی ساڵانەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا کرد و وتی، “ساڵانە رێژەی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا روو لە بەرزبوونەوە دەکات. رێژەی هەناردەکردنمان لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ١١ ملیار دۆلار بووە، لە ساڵی ٢٠٢٢ رێژەی هەناردەکردنمان ١٢ ملیار دۆلار بووە و لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا ١٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بووە. ئامانجمان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ ئەوەیە ر‌‌‌ێژەی ئاڵوگۆرەکە ١٥ بۆ ١٦ ملیار دۆلار بەرزبکەینەوە”.

”دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل توانای دابینکردنی ئاستی داواکراوی نەماوە“

کڵچ، سەبارەت بە رێژەی هەناردەکردنی رۆژانە لە رێگەی گومرگەوە وتی، “لە ئێستادا بە تێکڕای زیاتر لە دوو هەزار ئۆتۆمبێل لە تورکیاوە دێنە ناو عێراق. دوو هەزار ئۆتۆمبێل بە بەتاڵی دەگەڕێنەوە تورکیا. دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل توانای دابینکردنی ئاستی داواکراوی نەماوە. گەورەترین ئاواتمان ئەوەیە کە دەرگای نوێ بکرێتەوە. زیاتر لە ١٠ دەروازە لەنێوان تورکیا و سووریادا هەیە، بەڵام تەنها دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە نێوان عێراق و تورکیادا هەیە”.

سەرۆکی (USIAD) ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا عێراق لە پرۆسەی بونیاتنانەوەیە و رایگەیاند، “زۆرترین داواکاری لەسەر بەرهەمەکانی بیناسازی و خۆراک و کەرەستەی پاککردنەوە هەیە”.

En az 10 karakter gerekli