سەرۆک وەزیرانی عێراق پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی لە ئەنجومەنی وەزیران راگەیاند و دەڵێت: بودجەکە بۆ ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 جێگیرکراوە. دەشڵێت:بۆ یەکەمجار گەیشتوونەتە رێکەوتن بۆ ئەوەی داهاتی نەوتی هەرێم لە یەک هەژماری بانکی دابنرێت“.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای بودجە پەسەندکراوە و ئاڕاستەی پەرلەمان دەکرێت بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
وتیشی: بەهۆی گۆڕانکاری لە بەهای دۆلاردا ئامادەکردنی پڕۆژە یاساکە دواکەوت و ئەو پڕۆژەیەش بۆ ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 دووبارە دەبێتەوە.
سەبارەت بەبڕی بودجەی عێراق و کورتهێنان، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، “قەبارەی بودجەی ساڵێک 197 ترلیۆن و 875 ملیار دینار دەبێت، رێژەی کورتهێنانیش لەبودجەدا 63 ترلیۆن و 275 ملیار دینار دەبێت، نرخی بەرمیلێک نەوتیش بە 70 دۆلار دیاریکراوە، بودجەی بەكاربردن زیاتر لە 150 ترلیۆن دینار و بودجەی وەبەرهێنان 47 ملیار دینار دەبێت”.
سەرۆک وەزیران ئەوەشی وت، “پرسیار دەبێت لەبارەی ئەوەی بۆچی بودجەی بەکارخستن زۆربووە، یەکێک لەخاڵەکان دامەزراندنی وانەبێژان و گرێبەستەکان و دانەوەی قەرزەیە کە پێشتر کراوە، ئەمساڵ 12 ترلیۆن قەرزی ناوخۆ و دەرەوە دەدەینەوە، زیادبوون لەو پارانەی هەبوون هەیە، پارەی تەرخانکراو بۆ دەرمان و نەخۆشخانەکانیش زیادی کردووە، دوو ترلیۆن دینار بۆ پترۆدۆلار، بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکانیش دوو ترلیۆن و 500 ملیار دەبێت، مافمان داوەتەو ئەو پارێزگایانەی پارەیان لا ماوە دەتوانن خەرجی بکەنەوە، ئەمەش پێدانی رووبەری زیاترە بە جێبەجێکردنی پرۆژەکان”.
بەوتەی سەرۆکوەزیران، لە پڕۆژە یاساکەدا رەچاوی کارە لە پێشینەییەکانی حکومەت کراوە و ئەوانیش بەرپرسن لە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی پڕۆژە یاساکە.
سەبارەت بە رێکەوتن لەگەڵ هەرێم، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، “بەشێکی دواکەوتنەی بودجە دەگەڕێتەوە بۆ لێکتێگەیشتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سوپاس بۆ خوا رێکەوتنێکی گشتگیرمان لەبارەی ئەو پرسانە کرد کە کێشەی هەڵپەسێردراون لەنێوان بەغدا و هەولێر، ئەو رێکەوتنە لەسەر زۆرینەی بابەتەکانی بودجە و هەناردەکردن و فرۆشتن و سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی نەوت کراون، پشکی هەرێمیش 12.6%ی بودجەیە”.
ئاشکراشیکرد، “بۆیەکەمجار لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەگەینە رێکەوتنێک لەوەی کۆی داهاتەکانی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی هەرێم بخرێنە هەژمارێکی بانکی هەموو داهاتەکانی تێدا دابنرێت بەتایبەت ئەوانەی لەهەناردەکردنی نەوتی خاو بەردەستدێن، بەبێ هیچ لێبڕێنێک، سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش یان کەسێک راسپێردرابێت لەلایەن ئەوەوە دەتوانێت پارەی لێدەربهێنێت، ئەمە لێکتێگەیشتنێکی گرنگە بۆ جەختکردنەوە لەسەر سەروەری دەوڵەت و داهات و رێکخستنی پەیوەندیەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا”.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی: ئەم بودجەیە بۆ سێ ساڵی دیکە دووبارە دەبێتەوە، چونکە بەپێی یاسایی بەرێوبردنی دارایی ژمارە 6 دانراوە، کەڕێگا بەئەنجومەنی وەزیرانی داوە بودجە بۆ ساڵی دیکە دووبارە بکاتەوە، و وەزارەتی دارایی و پلاندنان دەتوانن بەرەزامەنی ئەنجومەنی نوێنەران گۆڕانکاری تێدا بکەن ئەگەر گۆڕانکار لەژمارە یان نرخی نەوت و رێژەکەی کرا.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران روونیکردەوە، ئەم هەنگاوانەی حکومەت لەسەر بنەمای بڕوابوونی بوە بەدیدگا و بەرنامەکەی، ئامانجەکانی خۆی پێشوەختە دیاریکردووە و ئەم بودجەیەش بەتەواوەتی دایناوە و کۆتای بەپرۆسەی پەکخستن دەهێنین بۆ هەمو بوارەکانی گەشەپێدان و بیناکردن، کە هەمیشە وەزارەتەکان توشی ئیفلیجی دەکەن لەپێش کۆتایی هاتنی ساڵی دارایی، کە ئەمەش دەبێتە هۆی پەکخستنی کار و وەرزێکی نوێش دەستپێ دەکات تا پەسەندکرنی بودجەی نوێ.
لەبارەی پارێزگای هەڵەبجشەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند؛ ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیدا لەسەر یاسایی دامەزراندنی پارێزگایی هەڵەبجە لە کۆماری عێراق و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد، وەکو مافێکی رەوا بۆ ئەم شارە و رێزگرتنێک بۆ گیانی شەهیدانی.