درەنگانی شەوی رابردوو ئاگر لە هۆڵێکی ئاهەنگگێران له قه‌زای حه‌مدانییه کەوتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان، زیاتر لە 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداو و نزیکەی 200 کەسی دیکەش بریندارن.
سەرچاوەیەکی تەندروستی بەمیدیاکانی راگەیاند، تائێستا ئامارێکی دروست لەبەر دەست نییە، چونکە لە کاتی رووداوەکەدا تەرم و بریندار بۆ شوێنی جیاواز گوازراونەتەوە، ژمارەیەکیان رەوانەی هەولێر کراون و هەندێکی دیکەشیان لە نەخۆشخانەی حەمدانییەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمی ژمارەیەک کەس سوتاون و تائێستا نەناسراونەتەوە، بووکەکە یەکێکە لەو کەسانەی تائێستا نازانرێ گیانی لەدەستداوە یان بریندارە، چونکە بەهۆی سوتانی جەستەیان ناناسرێنەوە.
شەوی رابردوو مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیمەکانی بەرگری شارستانی و تەندروستی راسپارد بە هانای لێقەومانەوە بچن.
سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگه‌یه‌ندراوێکدا رایگەیاندووە: لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ژمارەیەکی زۆری ئەنبوڵانس و تیمەکانی فریاکەوتن چوونەتە قەزای حەمدانییە.
وه‌زیری ته‌ندروستی راشیگه‌یاند، له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بریندارانی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه له شاری هه‌ولێر چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.