لەئەنجامی تەقینەوەیەک و هێرشێکی چەکدارانی نەناسراو ئەمشەو لە سنووری قەزای میقدادیەی باکووری رۆژهەڵاتی بەعقوبە-ی سەربە پارێزگای دیالە، هەشت کەس کوژران و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی بڵاوکراوەی میدیا عێراقییەکان، لەئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکدا لەنزیک گوندی هەزینیەی باشووری قەزای میقدادیە، ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
ئەوەش هاتووە، دوای تەقینەوەکە هێرشێکی چەکداری کراوەتەسەر ئەو کەسانەی لەنزیک رووداوەکە بوون و لە دەرئەنجامی تەقینەوە و هێرشەکەش هەشت کەس کە سەرجەمیان هاووڵاتی مەدەنین و ئەندامی یەک خێزانن گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
جێی باسە، هێزێکی زۆری ئەمنی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، هەروەها دەستیانکردووە بەگەڕان بەدوای ئەو چەکدارانەی بۆمبە چێندراوەکەیان داناوە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە.