نێچیرڤان بارزانی: به‌ دڵ و ده‌روونێكى خه‌مناكه‌وه‌ بير و دڵمان لاى گه‌لى توركيایە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • نێچیرڤان بارزانی: به‌ دڵ و ده‌روونێكى خه‌مناكه‌وه‌ بير و دڵمان لاى گه‌لى توركيایە

نێچیرڤان بارزانی: به‌ دڵ و ده‌روونێكى خه‌مناكه‌وه‌ بير و دڵمان لاى گه‌لى توركيایە

شوبات 12, 2023 17:19
نێچیرڤان بارزانی: به‌ دڵ و ده‌روونێكى خه‌مناكه‌وه‌ بير و دڵمان لاى گه‌لى توركيایە
0

لایک

سه‌رۆکی هه‌رێم، له‌ کونسولخانه‌ی گشتیی تورکیا له‌ هه‌ولێر، به‌شداری له‌ پرسه‌ی قوربانییانی بوومه‌له‌رزه‌که‌ی شه‌شی ئه‌م مانگه‌دا کرد که‌ له‌ تورکیا و سووریا به‌ هه‌زاران قوربانیی لێکه‌وته‌وه‌.

رۆژی یەکشەممە 12ـی شوباتی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم بەمەبەستی دەربڕینی هاوخەمی سەردانی کۆنسوڵخانەی تورکیای لە شاری هەولێر کرد و پەیامی هاوخەمی خۆی لە تۆماری پرسه‌ی تایبەتی کۆنسوڵخانەدا نووسی.

وەک لە راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی به‌ ناوى خۆی و هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، “سه‌ره‌خۆشى و هاوخه‌مى و هاوسۆزيى قووڵی پێشكێش به گه‌ل و حكومه‌ت و سه‌ركردايه‌تيى توركيا کرد، بۆ ئه‌و كاره‌ساته‌ ناخهه‌ژێنه‌ى له‌ ئه‌نجامى بوومه‌لەرزه‌يه‌كى وێرانكه‌ر، 10 پارێزگاى توركيا و چەند شارێکی سووریای گرته‌وه‌.” 

نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ته‌واوى مرۆڤايه‌تى، به‌ دڵ و ده‌روونێكى خه‌مناكه‌وه‌، بير و دڵمان لاى گه‌لى توركيا و خێزان و كه‌سوكارى ئه‌و هه‌زاران قوربانييه‌يه‌ كه‌ هه‌رگيز وێنه‌ دڵته‌زێنه‌كانيان و ديمه‌نى رووخان و وێرانبوونى شار و ئاوه‌دانييه‌كان له‌ بير ناچنه‌وه‌ و ناخ و ده‌روونى مرۆڤ ده‌هه‌ژێنن. 

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، سەرۆکی هەرێم”له‌ يه‌زدانى مه‌زن داواكاره‌ که‌ گيانى قوربانييان به‌ به‌زه‌يى و ميهره‌بانيى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنه‌وايى به‌ خێزان و كه‌سوكاريان ببه‌خشێت، هيواى زوو چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برينداران ده‌خوازێت.” 

نێچیرڤان بارزانی دووپاتیان کرده‌وه‌ که‌ “هه‌رچى له‌ توانادا بێت هه‌رێمی کوردستان بۆ هاوكارى و يارمه‌تيدان ئاماده‌يه‌.” 

لای خۆیه‌وە، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر، “سوپاس و پێزانینی وڵاته‌که‌ی بۆ به‌شداری و هاوبه‌شیی نێچیرڤان بارزانی له‌ پرسه‌که‌دا و بۆ هه‌ڵوێستی هه‌رێمی کوردستان به‌ گه‌ل و حکومه‌ته‌وه‌ بۆ به‌هاناوه‌چوون و یارمه‌تیدانی لێقه‌وماوان ده‌ربڕی.