لەم چەند ساڵەی دواییدا سەبارەت بە چەمک و بوون و مێژووی تورکمان چەند بانگەشەیەک هەن کە دەکرێت ئەمە بە هۆشیاری کرابێت یاخود بە نا هۆشیاری، بەڵام کاتێک ئەم هەنگاوانە روو لە پەروەردە و دامەزراوە پەروەردەییەکان دەکات، ناتوانین بڵێین کە ئەم هەنگاوانە بە ناهۆشیاری نراوە. بە پێچەوانەوە دەبینین کە بە داخەوە هۆشیارانە کار بۆ ئەمە دەکرێت.
لەم نووسینەمدا چەند نموونەیەک لەو بابەتە دەهێنمەوە کە لە سەرەوە خستوومەتەڕوو، بۆ ئەوەی خوێنەرانمان ئەو شتانە پشتڕاست بکەنەوە کە لەم بابەتەدا نووسراوە سەرچاوەکان دەخەمە روو بەبێ ئەوەی کەس ناوزەند بکەم.
خراپترین پێشهات سەبارەت بەم بابەتە، پێناسەکردنی تورکمانی دانیشتووی هەرێمی کوردستانی عێراق-ـە لە کتێبی ‘کوردۆلۆژی’ی چەند کۆلێژێکی زانکۆی حکومی.
لە کتێبی کوردۆلۆژی بەشی ئەندازیاری فرۆکەوانی کە لە لایەن دوو مامۆستا بە ناوی (س. ج.) و (س. ن.) ئامادەکراوە لە لاپەڕەی ٣ و ٤ بەم شێوەیە پێناسەی تورکمان کراوە:
“تورکمان: ژمارەیەک لە دانیشتوانی کوردستان پێکدێنن و دەربارەی رەچەڵەکیان دوو بیروڕا هەیە. یەکەمیان پێیان وایە دەگەڕێنەوە بۆ ئەو سەربازە کوردانەی، کە عوسمانییەکان لەشکرێکیان لێ دروست کرد دژ بە سەفەوییەکان. بیروڕای دووەمیش ئەوەیە، کە دەگەڕێنەوە بۆ ئەو کەسانەی کە لە سەردەمی عوسمانیەکاندا فەرمانبەربوون، چونکە دەبوایە تورکی بزانن، ئەم ناوە دوای رووخانی عوسمانییەکانیش هەرمایەوە.”
واتە بە گوێرەی ئەم پێناسەیەی سەرەوە، تورکمان بە رەچەلەک کوردە و لە سەردەمی عوسمانییەکان کۆکراونەتەوە، لەم بارەیەوە هیچ بیرۆڕایەکی دیکە نەنوسراوە.
باشە دەکرێت لێرە چەند پرسیارێک دروستبێت؟
ئایا دەوڵەتی عوسمانی لە کۆیسنجاق (کۆیە) و سلێمانی و دهۆک و ناوچەکانی تردا نەبووە کە تەنها کوردی تێدا دەژیا؟ بۆچی ئەو خەڵکەی لەو ناوچانە دەژیان فێری تورکی نەبوون و نەبوونە تورکمان، بۆچی تەنها ئەوانەی لە هەولێر (ئەربیل)، کەرکووک، کفری، توزخورماتوو و تەلەعەفەر دەژیان بوون بە تورک-مان…؟
ئایا ناپرسن چۆن شوێنەواری سەلجوقییەکان کە پێش ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەم خاکەدا ژیاون دروستکراون؟ ئایا ناپرسن ئاشوورییەکان چ رەگەزێکن و بۆچی تورکمان دەگەڕێنینەوە بۆ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە تەنانەت تا ١١٠ ساڵ پێش ئێستا حوکمڕانی ئەم ناوچەیە بوون! کەواتە، لە کاتی ئامادەکردنی پێناسەیەکی لەو جۆرەی تورکمان چیتان بە سەرچاوە وەرگرتووە؟ لە کام کتێبی مێژوودا هاتووە کە تورکمان لە راستیدا کۆکراوەن و لە بنەڕەتدا کوردن؟
هەموو ئەمانە بە گاڵتەیەک دەستیپێکرد. سەرەتا وتیان تورکمان دەگەرێتەوە بۆ عەشیرەتی خۆشناوی کوردی. پاشان ئەم گاڵتەیە بەم شێوەیە گواسترایەوە بۆ زانکۆکان.
ئایا تەنها ئەوەندەبوو؟ نەخێر، زیاتریش هەن؛
لە بەرواری ٣ـی ئەیلولی ٢٠٢٣ـدا لە لە پەیجی ‘RNK میدیا’ ڤیدیۆیەکی دۆکیۆمێنتاری دەربارەی تورکمان ئامادەکرا و تیایدا هەر لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی دیکۆمێنتارییەکە سووکایەتی بە تورکمان دەکرێت. بەو رادەیەی کە لە دیکۆمێنتارییە قێزەونەکەدا باس لەوە دەکرێت، “تورکمانەکان وەک منداڵی ناشەرعی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەناسێنرێن”. نەک هەر ئەوە، دەیان قسەی نەشیاوی دیکەی وەک “بێشەرەف، ترسنۆک، بێ ئەخلاق” بەکارهاتووە.
ئایا هیچ رێگرییەک لەم سایتانە کراوە؟
پێشتر ھونەرمەندێکی فۆلکلۆری کوردی لە گۆرانییەکدا کە بە ‘بەند’ ناودەبرێت، ئاماژەی بە شێوەی قسەکردنی مەسیحییەکان کرد و دواتر ئەم بابەتە گەیەندرایە دادگا. کەواتە بۆچی هەنگاوێکی هاوشێوەی ئەم بابەتە نانرێت کاتێک ئەمە بەرامبەر تورکمان دەکرێت؟ لە کاتێکدا بە هەمان شێوە گاڵتە بە تورکمان کراوە بەڵام کەس هیچ شتێکی نەکردووە.
بەشە دڵتەزێنەکە ئەوەیە، هەندێک کەس کە خۆیان بە رۆشنبیری کوردان دادەنێن، لە نووسینەکانیان و پۆستەکانیان لە سۆشیال میدیا، جەخت لەوە دەکەنەوە کە تورکمان لە راستیدا بوونیان نییە و ئەمە بە بەردەوامی دەکەن بێ ئەوەی ماندوو بن، بە تایبەتی لەم دوو ساڵەی دواییدا.
تا دێت ئەم دۆخە خەریکە بە هەموو بوارێک و چین و توێژێکی کۆمەڵگادا بڵاوببێتەوە. دەمەوێت کۆتا نمونە بهێنمەوە:
ناوەرۆکی نامەی ماستەری برایەکی کوردمان کە لە زانکۆی سەلاحەدین قوتابی خوێندنی باڵابوو، بریتی بوو لە پارتەکانی تورکمان و بوونی سیاسی تورکمان لە ناوچەکەدا.
دوای تەواوبوونی هەموو شتێکی نامەکە، لە بەشی “تورکمان کێن؟” ویسترا بە زۆرەملێ بنوسرێت “تورکمان لە بنەڕەتدا کوردن، لە سەردەمی عوسمانیدا فێری زمانی تورکی بوون و خۆیان بە تورکمان ناوبردووە”. کە ئەم بیرۆکەیە بووەتە مۆدێلی ئەم چەند ساڵەی دوایی. جگە لەوەش ئەو قوتابیە کاتێک کە دەڵێت “سەرچاوەیەکی لەو جۆرە نییە، من نەمبینیوە”. دووبارە داوای لێدەکرێت کە نامەیەکی دیکەی هەمان زانکۆ وەکو سەرچاوە بەکاربهێنێت.
بەلاوەنانی هەزاران نووسەر و کتێبی مێژوویی و هێنانەوەی نامەیەک (تێزێک) کە چەند ساڵێک لەمەوبەر مامۆستایەکی کورد ئامادەی کردووە وەک سەرچاوەیەک لەسەر بابەتێکی ئاوا گرنگ، دەبێت کات بەفیڕۆدانبێت.
پارادۆکس:
لەراستیدا لە پارادۆکسەکی گەورەدان. ئەگەر ئەوەندە دڵنیان کە شتێک نییە بە ناوی تورکمان، بۆ تورکمان وەزیر و ئەندامی پەرلەمان و ١٥ قوتابخانە و بەڕێوەبەرایەتی و رێکخراو و … هتدیان پێدەدرێت؟
هەموویان دەزانن کە تورکمان بە سەدان ساڵ پێش عوسمانییەکان لەو خاکانەدا بوون. بەداخەوە بەشێک لە کەسانی ئەکادیمی و نووسەر و رۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار، کە نەیانتوانیوە بەسەر ئەو بۆچوونە رەگەزپەرستییەی کە لە مێشکیاندا هەیە زاڵ بن، پەنایان بۆ ئاسمیلەکردنێک بردووە بەرامبەر بە تورکمان کە شێوازێکی دەگمەنی هەیە.
ئەوانەی دەیانەوێت لەم پارادۆکسە رزگاریان بێت، پێویستە گوێ لە دوا وتاری ڤیدیۆیی هاوزمانی خۆیان د. فەرهاد پیرباڵ بگرن کە دەڵێت “تورکمانەکان زۆر پێش عوسمانی لێرە ژیاون”. وە دەستبەرداری ئەو هەوڵە بێهودانە بن.
خوێنی ڕۆشنبیرانمان کە لەلایەن رژێمی عێراقەوە لەسێدارەدرابوون، بەس نەبوو؟
کۆمەڵکوژییەکانی ١٤ـی تەمووز، ١٦ـی کانوونی دووەم، ٢٨ـی ئادار و چەندین کۆمەڵکوژی دیکە بەس نەبوو؟
بەس نییە ئەو گاڵتەجارییەی بە زمان و ژمارە و خواردن و قۆریاتمان دەکەن؟
ئایا ئەم تۆمەتە بێ بنەمایانە بەس نین؟
محەمەد فەرید ئەربیلئوغلو