هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا 321 ملیار دینار کورتهێنان لەو بڕە پارەیە هەبووە کە حکومەتی عێراق بۆ مووچە ناردویەتی.
هونەر جەمال، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە وتی “لە مانگی رابردوودا 321 ملیار دینار کورتهێنان لە پارەی مووچە هەبوو، لە داهاتی ناوخۆ پڕکراوەتەوە، چونکە داهاتی ناوخۆ تەنیا بۆ مووچە نییە، بەڵکو بۆ کۆمەڵێک خەرجی مانگانەیە”. داواش دەکات لەم مانگەوە لەکاتی خۆیدا پشکی هەرێمی کوردستان رەوانە بکەن.
وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەش دا “هەموو ئەو داتایانەمان داوە بە حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و هیوادارین حکومەتی عێراق پابەند بێت بە یاسای بودجە و مانگانە لەکاتی خۆی پشکی هەرێمی کوردستان بنێرێت”.
هونەر جەمال باسی لەوەش کرد “هەموو ژمارە و داتاکان روونن و لای حکومەتی عێراق هەیە، بۆیە پێویستە لەم مانگەوە لەکاتی خۆی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە رەوانە بکات”.