یەکێتی ئەفریقا ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، ئەندامیەتی نەیجەریان هەڵپەسارد تا وادەی گەڕانەوەی دەسەڵاتی مەدەنی لە وڵاتەکەدا، دوای ئەو کودەتایەی کە لە 26ی مانگی تەمموزی ئەمساڵدا دووچاری بووەوە.
یەکێتی ئەفریقا ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەنجومەنی ئاشتی و ئاسایشی وڵاتەکەی داوا لە کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەفریقا دەکات لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییە ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکانی جێگیرکردنی هێزێکی یەدەگ لە نەیجەر بکات، هاوکات ئەنجومەنەکە لە ئەنجامەکانی ئاگاداربکاتەوە”.
ئەم راگەیەندراوەی یەکێتی ئەفریقا لە سەروبەندی ناکۆکییە توندەکانی نێو دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەدایە کە خستویەتییە ژێر هەڕەشەی جموجۆڵی سەربازی و بوەتە مایەی نیگەرانیی (ئیکواس) کۆمەڵگەی ئابووری وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا.
ئەنجومەنی سەربازی لە نەیجەر لە 26ـی مانگی رابردوو دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت و جەنەڕاڵ عومەر عەبدولڕەحمان تیانی، فەرماندەی پێشووی پاسەوانی سەرۆكایەتی بە شكستی ئەمنی، لە رووی ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە تۆمەتباركرد، لە وڵاتێكدا كە لە هەژارترین وڵاتانی جیهانە و بەدەست چالاكیی گروپە چەكدارەكانەوە دەناڵێنێت.
پێشتر ئەنجومەنی سەربازی لە نەیجەر هەڕەشەی ئەوەی كردبوو كە محەمەد بازوم بە تۆمەتی خیانەتێكی زۆر و تێكدانی ئاسایشی وڵات لە ئەگەری دەستوەردانی سەربازیی وڵاتانی دراوسێ دادگایی دەكرێت.