وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، سەبارەت بە ئازاردان و پێشێلكردنی منداڵێكی تازە لە دایكبوو دوور لە هەموو ڕەوشتێكی پزیشكی و یاسایی، لەلایەن نەخۆشخانەكەوە هەوڵ دەدرێت ڕایگشتی و پرۆسەی لێكۆڵینەوە بەلارێدا ببرێت و بشێوێندرێت لەجیاتی ملكەچ بوون بۆ یاسا و داوای لێبوردن كردن.
وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەروونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دوێنێدا سەبارەت بە ئازاردان و پێشێلكردنی منداڵێكی تازە لە دایكبوو دوور لە هەموو ڕەوشتێكی پزیشكی و یاسایی و زانستی، وەزارەتی تەندروستی چەندین ڕێكار و سزای یاسایی گرتۆتەبەر، بەڵام بەداخەوە لەلایەن نەخۆشخانەكە هەوڵ دراوە بۆ شێواندنی ڕاستیەكان و پاساو هێنانەوە بۆ ئەم دیاردە قێزەوەنە و بەردەوامی سەرپێچی و كاری نایاسایی هەیە بەوەی هەوڵ دەدرێت ڕایگشتی و پرۆسەی لێكۆڵینەوە بەلارێدا ببرێت و بشێوێندرێت لەجیاتی ملكەچ بوون بۆ یاسا و داوای لێبوردن كردن بەرامبەر ئەو دیاردەیەی ناخی هەموو كۆمەڵگەی هەژاند كە دەبێتە هۆكاری لاوازكردنی متمانەی هاوڵاتیان”.
دەشڵێت، “دروستكردنی لیژنەی لێكۆڵینەوە كاری نەخۆشخانی ناوبراو نیە بەڵكو بەیاسای مافی نەخۆش ژمارە 4ی ساڵی 2020 و پەیڕەوی لێكۆڵینەوەی كارپێكراو لێكۆڵینەوە كردن تەنها كاری وەزارەتی تەندروستیە بەئامادەبوونی دادوەر و نوێنەری داواكاری گشتی”.
ئەوەشیخستۆتەڕو، “كەسێك بەناوی سەرپەرشتیار قسەدەكات لەكاتێكدا ئەو كەسە سەرپەرشتیار نیە بەفەرمی و هیچ سیفەتێكی بەڕێوەبردنی نیە، تەنانەت ڕێگەپێدراویش نیە لە لیستی وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەم نەخۆشخانەیە و هیچ پەیوەندیەكی فەرمی نیە و كارمەندەكانیش ناویان لە لیستی ڕێگە پێدراوی فەرمی نییە بۆ كاركردن لەم نەخۆشخانەیە و ئەو كەسەی بەناوی نەخۆشخانە قسە دەكات تەواو نایاساییە، چونكە پزیشكی نیشتەجێی دێرینە و پسپۆڕ نیە بەڵكو لەژێر ڕاهێنان و مەشقكردندایە و بۆی نییە بەناوی نەخۆشخانە قسە بكات”.
باسی لەوەشكردوە، “بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی تەندروستی جەخت لەسەر بەردەوامی ڕێكارەكان دەكاتەوە و لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم دۆسیەیە دادەنرێت ڕێكاری یاسایی وەردەگیرێت لەپێناو پاراستنی مافی نەخۆش و گەیاندنی ڕاستییەكان بە هاوڵاتیان”.