لیژنەی پشتیوانی لە دیناری عێراقی ڕێوشوێنی نوێی بۆ سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا دەگیرێتەبەر و دەڵێت، کاریگەرییەکانی پێدانی 100 ھەزار دۆلار بە بازرگانان لە داھاتوودا دەردەکەوێت.
عومەر سودانی، ئەندامی لیژنەی پشتیوانی لە دیناری عێراقی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، لیژنەکە بە سەرۆکایەتی قاسم الزاڵمی، راوێژکاری سەرۆک وەزیران لەم دواییانەدا بڕیاری کردنەوەی هەژماری بۆ بازرگانان لە بانکی (TBI)داوە کە ناسنامەی ژووری بازرگانی بەغدادیان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو بازرگانانەی کە هەژمارەکەیان بۆ دەکرێتەوە رێگەیان پێدەدرێت مانگانە 100 هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی وەربگرن.
ئەندامەکەی لیژنەی پشتیوانی لە دیناری عێراقی، باسی لەوەشکرد، ئەو هەنگاوە بۆ رێگریکردنە لە بەرزبوونەوەی زیاتری بەھای دۆلار لە بازاڕەکاندا، بازرگانانیش پشتیوانی بڕیارەکەیان کردووە، کە بە ھەماھەنگی لەلایەن سەرۆکی ژووری بازرگانی بەغدادەوە دەکرێت، لە داهاتووشدا کاریگەری بڕیارەکە دەردەکەوێت.