بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی کردووە لە ئێریک گرای، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای “جەنەرال ئەلیکتریک”ـی ئەمریکی و شاندی یاوەری.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە کە گرنگی زیاتر بە کەرتی کارەبا دەدەن بە تایبەتی لە کەرتەکانی گواستنەوە، دابەشکردن و بەرھەمھێناندا و داوای لە کۆمپانیای ناوبراو کردووە کە ھاوکاری وەزارەتی کارەبا بکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو کەرتانەی کە ئاماژەیان پێکراوە.
ھەروەھا محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ھەوڵدەدەن بەفیڕۆچوونی غازی ھاوەڵ چارەسەر بکەن، بۆ ئەوەی لە پڕۆژەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا سوودی لێ وەربگرن. لای خۆیەوە ئێریک گرای، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای “جەنەرال ئەلیکتریک”ی ئەمریکی، لە کۆبوونەوەکەدا، باسی لەو پڕۆژانە کردووە کە لە عێراق ئەنجامی دەدەن و راگەیاندووە کە کۆمپانیاکەیان پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ عێراقدا واژوویان کردووە.
کۆمپانیای “جەنەرال ئەلیکتریک”ی ئەمریکی، لە بواری وزەدا کار دەکات و لە ساڵی 2018ـەوە، بەپێی گرێبەستێک کە لەگەڵ حکوومەتی عێراق واژووی کردووە، کاری وەبەرھێنان لە وزە دەکات.