وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هۆشداری داوەتە عێراق بۆ سنووردارکردنی قاچاخی دۆلار لە وڵاتەکەدا، ئەگەر نا ئەمریکا ناچار دەبێت کەرتی بانکی عێراق رووبەڕووی سزا بکاتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی نێوان یاریدەدەری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بەرپرسانی عێراق هۆشداری توند دراوەتە بانکی ناوەندی بۆ ئەوەی مامەڵەی نایاسایی و سپیکردنەوەی دۆلار سنووردار بکات، ئەگەر نا کەرتی بانکی عێراق بەرەنگاری سزا دەکرێتەوە.
لە ئێستادا عێراق خاوەنی زیاتر لە 100 ملیار دۆلار یەدەگە و بەردەوام هەوڵی سەلماندنی نیاز پاکی خۆی دەدات بۆ ئەمریکا، تاوەکو کەرتی بانکی عێراق رووبەڕووی رەخنەی ئەمریکا نەبێتەوە.
هەر لەو بارەیەوە فەرهاد عەلائەدین ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەرەوە ڕایگەیاند، عێراق جدییە لە بەردەوامبوون لەسەر ڕێگای چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی مامەڵەی نایاسایی بانکەکان، ئەگەر بانکی ناوەندی رێکاری راستەوخۆ و کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قاچاخی دۆلار بدۆزێتەوە، ئەوا کەرتی بانکی عێراق پێویستی بە ئەمریکا نابێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، سەرەڕای بەردەوامی جێبەجێکردنی رێکارەکانی بانکی ناوەندی و وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی مامەڵەی نایاسایی دۆلار، هێشتا کردەوەکانی قاچاخی دراوی بیانی لە عێراقدا بونیان ماوە.
لە مانگی تەمموزی ئەمساڵیش 14 بانکی عێراقیی بە تۆمەتی مامەڵەی نایاسایی بە دۆلار، لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە خرانە لیستی رەشەوە.