وەزیرانى دەرەوە و بەرگریى تورکیا و سەرۆکى دەزگاى هەواڵگریى ئەو وڵاتە، گەیشتنە بەغداد و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبوونەوە
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـى ئازارى 2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) گەیشتنە بەغداد.
سەردانیکردنى ئەو بەرپرسە باڵایانەى تورکیا، بۆ بەشداریکردنە لە لوتکەی ئەمنیی نێوان عێراق و تورکیا، کە فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق میوانداریى دەکات و لەشارى بەغداد بەڕێوەدەچێت.
پێشتریش وەزارەتى بەرگریی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردبوو، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆى شاندى تورکیا و عێراق باس لە هەماهەنگى سەربازیى و ئەمنیی هەردوولا دەکرێت، تەوەرێکى دیکەش بەرەوپێشبردنى هەماهەنگییەکانی هەردوولایە “بۆ رووبەڕووبونەوەى رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان-عێراق”.
باس لەوەشکرابوو، بابەتێکی دیکەی لوتکەکە گفتوگۆکردنە لەبارەی پاراستنى ئاسایشى سنوورەکانى نێوان هەردوو وڵات، هەروەها باسی بابەتی وزەش دەکرێت.