فوئاد حوسێن: هەولێر و بەغداد لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم رێککەوتنێکی نوێیان واژۆکردووە
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • فوئاد حوسێن: هەولێر و بەغداد لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم رێککەوتنێکی نوێیان واژۆکردووە

فوئاد حوسێن: هەولێر و بەغداد لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم رێککەوتنێکی نوێیان واژۆکردووە

كانونی دووه‌م 17, 2024 17:49
فوئاد حوسێن: هەولێر و بەغداد لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم رێککەوتنێکی نوێیان واژۆکردووە
0

لایک

وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، دیپلۆماسیەتی ئێمە بەرامبەر ئێران روونە، هەندێک لە بەرپرسانیان ناتوانن ئاسایشی خۆیان کۆنترۆڵ بکەن و کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان بۆ دەرەوە دەگوازنەوە، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدادیش ئاشکرایکرد، لە دوو رۆژی رابردوودا، هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق رێککەوتنێکی نوێیان لەبارەی کێشەکانی دۆسیەی نەوت واژۆکردووە.

رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق لەسەر دۆسیەی نەوت

رۆژی چوارشەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2024 فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس رایگەیاند، دوو رۆژ لەمەوبەر هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق رێککەوتنێکی نوێیان واژۆکردووە سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕێ دەکەین لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.

هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر

فوئاد حوسێن وتی: ئێمە لەگەڵ ئێران پەیوەندییەکی مێژووییمان هەیە، پەیوەندی بازرگانی لەنێوانمان هەیە، هەمیشە هەوڵمانداوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش پەیوەندییەکانمان بەرەو پێش ببەین.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەرامبەر ئەو مامەڵەیەی عێراق، ئێران رێگەیەکی دیکە و زمانێکی دیکە بەکاردەهێنن، بۆیە چیتر ناتوانین بەو شێوەیە لێیان قبوڵ بکەین، پێشتریش هێرشی کردووەتە سەر هەرێم ئەوە یەکمجار نییە هەرێم بە ئامانج دەگیرێت.

فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەدا، “دوای ئەم هێرشانە کە دوو رۆژ لەمەوبەر کردییە سەر هەولێر ناچار بووین جارێکی دیکە ئیدانەی ئەم هێرشە بکەین و بچینە دنیای دەرەوە و بچینە سەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی قسە بکەین، کۆمکاری عەرەبی ئیدانەی توندی ئەم کردەوە تیرۆستیانە دەکەن، هەورەها نامەیەکم ناردووە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش نیویۆرک، دەمانەوێت ئەوانێش بێنە سەر هێڵ لەگەڵ حکومەتی عێراق ئیدانەی بکەن”.

وتیشی: ئێمە نامانەوێت کێشی بۆ ئێران دروست بکەن، بەڵکو ئەوان دەیانەوێت کێشەمان بۆ دروست بکەن، ئێمە دیالۆگیان لەگەڵ دەکەین ئەوانیش مووشەکمان ئاراستە دەکەن، ئەوان گفتوگۆکانی ئێمە بە شێوازی دیکە وەڵام دەدەنەوە.

رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران

وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند، عێراق رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئێران هەیە سەبارەت بە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان، دوای گفتوگۆیەکی چڕ و پڕ گەیشتینە رێککەوتنێک هەموو گرووپەکان ببرێنە نێو کەمپەکان و ئێرانیش زۆر دڵی خۆش بوو بەم کارە، بەڵام لە ئێستادا ئێران ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ عێراق پێشێلکردووە.

گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لەسەر خاکی عێراق

فوئاد حوسێن، دەڵێت: “ئەو گرژییانەی کە لە نێوان ئەمەریکا و ئێران هەیە کاردانە و لێککەوتەکانی لەسەر کۆمەڵگەی عێراق و خاکی عێراق هەبووە، هەورەها لە بەرژوەندی عێراقە ئەو گرژیانەی نێوانیان چارەسەر بێت، زۆر جاریش پێشنیازی ئەوەمان کردووە کە رێککەون، قسەمان لەگەڵ هەردوولا کردووە بۆ ئەوەی چارسەری گرژی نێوانیان بکەن”.

ناوبراو روونیکردەوە، لە بەرژەوەندی عێراق و هەرێم ئەگەر گرژی نێوان ئەمەریکا و ئێران چارەسەر بێت و بگەن. وتیشی: گرژی کەمتر لە نێوان ئێران، ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە لە ناوچەکە واتا ئاسایشی باشتر بۆ هەرێمو عێراق.

En az 10 karakter gerekli