وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، گروپەکانی ئەنساڕوڵا کە زیاتر بە حووسییەکانی یەمەن ناسراون، لە دوای 30 رۆژی دیکە وەک تیرۆرست دەناسێنرێن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە، حوسییەکانی یەمەن هێرشی بێ وێنە و توند دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان و ئەو هێزە سەربازییانەی لەو ناوچەیە پارێزگاری لە سەلامەت و ئاسایشی گواستنەوەی بازرگانی دەکەن لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هێرشانە گواستنەوەی نێودەوڵەتی رووبەرووی مەترسی دەکاتەوە و جوڵەی ئازادی بازرگانی لەکاردەخات و پێچەوانەی ماف و ئازادییە، هەنگاوی ناساندنی ئەو گرووپەش وەک تیرۆرست لە پێناو نیشاندانی چالاکییە تیرۆرستییەکانی ئەو گرووپانەیە، بەڵام ئەگەر حووسییەکان لە هێرشەکانیان بوەستن ئەوا ئەمریکا پێداچوونەوە بەو بڕیارە دەکات.
ئەوەشخراوەتەڕوو، پێویستە لێپرسینەوە لەگەڵ حووسییەکان بکرێت لەسەر کردەوەکانیان، بەڵام نابێت هاوڵاتیانی یەمەن تێوەبگلێن، بۆیە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەوڵ دەدات لە ناساندنی حووسییەکانی یەمەن وەک تیرۆرست کاریگەری نەرێنی نەکەوێتە سەر هاوڵاتیانی سیڤیلی یەمەن.
لە ماوەی رابردوو حووسییەکانی یەمەن چەندینجار بە درۆنی بۆمبرێژکراو و مووشەک هێرشیان دەکردە سەر کەشتییە بازرگانییەکان کە بە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا تێپەڕدەبوون.
ئەمریکا ئەو کردەوەیە بە مەترسیدار دەزانێت، چونکە ئەو رێگا دەریاییە رێگایەکی گرنگی گواستنەوەی خۆراک و سوتەمەنییە بۆ وڵاتانی جیهان، بۆیە هاوپەیمانێتییەکی سەربازی پێکهاتوو لە هێزی دەریایی و ئاسمانی، لەگەڵ چەندین وڵاتی ئەوروپی و عەرەبیدا پێکهێنا بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.