سەفین دزەیی: راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار زیانی گەیاندووە
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • سەفین دزەیی: راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار زیانی گەیاندووە

سەفین دزەیی: راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار زیانی گەیاندووە

ئاب 29, 2023 18:16
سەفین دزەیی: راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار زیانی گەیاندووە
0

لایک

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی رایدەگەیەنێت، تورکیا لایەنگری هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمە و راگرتنی هەناردکردنی نەوتیش “بە بەهای زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار زیانی دارایی بە حکومەتی عێراق گەیاندووە”. دەشڵێت، “سبەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و داوامان لە کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان کردووە هاوکاری هەولێر و بەغداد بن”.

ئەمڕۆ سێشەممە 29ـی ئابی 2023، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم لەبارەی جموجوڵەکانی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراقو هەرێم؛ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم؛ پەیوەندییەکانی ئێستای هەولێر – بەغدا؛ سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێم و شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم

سەفین دزەیی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، دەڵێت: “تورکیا لایەنگری ئەوەیە دووبارە نەوتی هەرێم هەناردەبکرێتەوە، هەرێمیش بێگومان زۆر پەرۆشە. بەرپرسانی بەغداد بە فەرمی باس دەکەن کە ئامادەنە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بەڵام لە راستیدا تا ئێستا هەنگاوی پراکتیکی نەنراوە”.
وەکو ئەوەی سەفین دزەیی باسی دەکات، مەبەست سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ عێراق و هەرێم، لەیەکتر نزیکردنەوەی دید و بۆچوونی تورکیا، عێراق و هەرێم بووە سەبارەت بە چۆنیەتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و، هەروەها “نەهێشتینی ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت هەن، چی ئاستەنگی هونەری، سیاسی، دارایی و کارگێڕی بن. بۆ ئەوەی بتوانین بەپێی یاسای بودجە دووبارە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکەینەوە و هەوڵەکان بەردەوامن”.

بەوتەی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لە 25ـی ئادارەوە تاوەکو ئێستا و لە ئەنجامی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ، بەهۆی بڕیارەکەی دادگای نیوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، “نزیکەی پێنج ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیانی دارایی بەر عێراق گەیشتووە. بۆیە لەرووی ماتماتیکەوە، لۆژیک نییە، بۆ وەرگرتنی ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە تورکیا، پێنج ملیار دۆلار زیان بەخۆت بگەیێنیت”.
شەوی رابردوو، 28ـی ئابی 2023، عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانی تورکیا گەیشتە بەغداد. سەفین دزەیی دەڵێت، “ئەوەی بیستبێم وەزیری بازرگانی تورکیا لە بەغدایە، بەڵام ئاگادارنەکراوینەتەوە کە سەردانی هەرێمیش دەکات”.

ناردنی شایستە داراییەکان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەوەشی خستەڕوو، کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانیان لە دۆخی ئێستای هەرێم و نەناردنی شایستە داراییەکان لەلایەن بەغداوە ئاگادار کردووەنەتەوە، “چونکە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدایان بەلاوە گرنگە”. دەشڵێت: “داوامان لێ کردوون، هاوکاری هەردوولا بن هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی ئەوانەی کاریگەرییان لەسەر هەردوولا هەیە”.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وەکو ئەوەی سەفین دزەیی ئاماژەی پێ کرد، سبەی چوارشەممە 30ـی ئابی 2023، کۆدەبێتەوە و دەرئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغداد و هەنگاوەکانی داهاتووی حکومەت تاوتوێ دەکرێن؛ “هیوادارین نەگاتە ئاستێک کە لەیەک دووربکەوینەوە. هەوڵەکانی هەولێر و حکومەتی هەرێم ئەوەیە، زیاتر لەیەکنزیکبوونەوە هەبێت. بڕواتان هەبێت لە زۆر پرسدا، شاندی حکومەتی هەرێم لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان نەرمییەکی ئێکجار زۆری نوواندووە”.

جموجوڵەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێم

ماوەیەکە لە ناوخۆی عێراق و هەرێم هەست بە جموجوڵی هێزە ئەمنییەکان دەکرێت و دەنگۆی هێرشکردنە سەر میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە. هەفتەی رابردوو دوو چالاکی لە پارێزگای ئەنبار روویدان، پەرەسەندنی جوڵەی فڕۆکە بارهەڵگرەکانی سەربازیی سەر بە هێزەکانی ئەمەریکا و نیشتنەوەیان لە بنکەی عەین ئەسەد، هەروەها میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، بارەگاکانیان لەو پارێزگایە لەناکاو بەبێ ئاگادارکردنەوە چۆڵکردووە و دیارنەماون.

لەبارەی جموجوڵەکانی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد، “بە ڕاستی جموجوڵەکان زۆر ئاساییبوون. ماوە ماوە گۆرانکاری بەسەر هێزەکانی ئەمەریکادا دێت. سەرکردەی ئەو هێزانە جەنەڕاڵێک بوو و جەنەڕالێکی دیکە هاتە جێگەی و بەشێک لەو هێزانەش جێگۆڕکێیان پێ دەکرێت”.

هاوکات ئەوەشی خستەڕوو، “بەشێک لەو کەلوپەلە (سەربازییانەی) لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد (بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکایە لە سنووری ئەنبار ) بوون، هێنراوەتە بنکەکانی دیکەیان لە هەرێمن؛ شتێکی زۆر ئاسایی بوو، ئەوەی باس دەکرێت لە راگەیاندن، شیکاری جیاجای بۆ دەکرێت، بەڕاستی بێ بنەمایە”.

En az 10 karakter gerekli