روونکردنەوەیەک لە وتەبێژی یەکێتییەوە

روونکردنەوەیەک لە وتەبێژی یەکێتییەوە

ئازار 19, 2024 08:53
روونکردنەوەیەک لە وتەبێژی یەکێتییەوە
0

لایک

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت “پابەندین بە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10ـی 6ـی 2024 وەکو لەلایەن بەڕێز سەرۆکی هەرێم بڕیاری لەسەر دراوە”.

لە روونکردنەوەیەکدا وتەبێژی یەکێتی دەڵێت ” چالاککردنەوەی پەرلەمان گرنگە بۆ ئەنجامدانی ئەرکە یاسایی و سەرەکییەکانی”.

روونکردنەوەکەی یەکێتی لەکاتێکدایە رۆژی دووشەممە 18ـی ئازار لە راگەیەندراوێکدا مەکتەبى سیاسیى پارتی دیموکراتى کوردستان رایگەیاند، بەشداریی هەڵبژاردنێک ناکەن بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، دەشڵێت “ئەگەر رێککەوتننامەى پێکهێنانى حکومەتى سودانى جێبەجێنەکرێت ناتوانین بەردەوامبین لە پرۆسەى سیاسی لە عێراق”.

پارتی دەڵێت: “لە روانگەى هەستکردن بە بەرپرسیارێتى لە پاراستنى مافەکانى گەلى کوردستان و سیستمى دیموکراسى لە عێراق، بە بەرژەوەندى گەل و نیشتمانى دەزانن بەشداریى هەڵبژاردنێک نەکەن کە بە نایاسایى و نادەستوریى و لە سایەى سیستمى سەپێندراودا بەڕێوەبچێت”.

دەقی روونکردنەوەکەی وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پابەندە بە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10 ی 6 ی 2024 وەکو لەلایەن بەڕێز سەرۆکی هەرێم بڕیاری لەسەر دراوە .

یەکێتی رای وایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان باشترین رێگایە بۆ قووڵکردنەوەی زیاتری دیموکراسی و تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوخۆ و ناوچەکە بە گشتی.

چالاککردنەوەی پەرلەمان گرنگە بۆ ئەنجامدانی ئەرکە یاسایی و سەرەکییەکانی و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە فرە رەهەندەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

سەعدی ئەحمەد پیرە

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

En az 10 karakter gerekli