وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، ژمارەی هاوڵاتییە فەڵەستینییە کوژراوەکان، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە، گەیشتوەتە چوار هەزار و 137 کەس، ئەوەش لە بەردەوامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە.
ئەشرەف قودرەت وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بریبداربوون گەیشتوەتە 13 هەزار کەس و زۆربەیان، ژن و منداڵن.
ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە هەزار کەس بێسەرووشوێنە، بە هەمان شێوە زۆربەیان منداڵن، پێشبینی دەکرێت لە ژێر دارووپەردووی خانوو باڵەخانە رووخاوەکانی ناوچە جیاوازەکانی غەززەدا مابێتنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، 16 فەڵەستینی مەسیحی لە ئێواردەی دوێنێ پێنجشەممە کوژراون، ئەوەش دوای ئەوە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کەنیسەی رۆمی ئۆرسۆدۆکسی رۆژهەڵاتی غەززەی بۆردومانکرد.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین باسی لەوەشکرد، حەوت نەخۆشخانەی کەرتی غەززە ناتوانن چارەسەر بۆ بریندارەکان بکەن، چونکە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بەشێکیان رووخاوە یان بە تەواوەتی خاپور بوون.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی 7ی مانگی (تشرینی یەکەم/10) هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی “تۆفانی ئەقسا”یان دژ بە ئیسرائیل هەڵگیرساند و تا ئێستاش ململانێکان بەردەوامە.