محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانیکرد دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کەموکوڕییەکی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عێراقی بکرێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی سکاڵایەک لەوبارەیەوە گەیشتووەتە نووسینگەکەی، کە ورچێک گەشتێکی هێڵی ئاسمانی عێراقی پەکخستووە کە لە دوبەیەوە بەرەو بەغداد دەڕۆیشت.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوەکردووە ، بە پشتبەستن بە سکاڵایەک کە بە نووسینگەی سەرۆک وەزیران گەیشتووە سەبارەت بە کەموکوڕییەک لە یەکێک لە فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، وەزیری گواستنەوەی ئاڕاستەی کردووە بۆ کردنەوەی دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەی بەپەلە و پیشەیی لە هۆکارەکانی ئەو کەموکوڕییە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو کەموکوڕییە “ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ئەدای فڕۆکەکە و ئەو خزمەتگوزارییانە هەبووە کە پێشکەشی سەرنشینەکانی دەکات”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسی کەمتەرخەمییە نەکراوە کە تۆمارکراوە، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە کە بەڵگەی ئەوە دەخاتەڕو، کە ورچێک گەشتێکی هێڵی ئاسمانی عێراقی پەکخستووە کە لە دوبەیەوە بەرەو بەغداد دەڕۆیشت.