وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، داوامان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان-عێراق کردووە بە زووترین کات کۆبوونەوەیەک لە بەغداد ئەنجام بدەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی بابەتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان-عێراق لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکی.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، داوای لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم و و کۆمپانیا نەوتییەکان دەکەن، بە زووترین کات کۆبوونەوەیەک لە بەغداد ئەنجام بدەن.
لە راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژە بەوەشکراوە، کۆبوونەوەکە لە پێناو پەلەکردنە لە گفتوگۆ و رێککەوتنەکان لەبارەی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، بە گوێرەی ئەو رێژەیەی لە یاسای بودجە ئاماژەی پێکراوە.
هەر ئەمڕۆ کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رایگەیاند، ماوەی پێنج مانگە دانوستانەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتەوە بەرێوەنەچووە، ئەپیکور ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەو مەرجەی رێککەوتنێن لە نێوان هەردوو حکومەتدا هەبێت کە پارێزگاری لە مافە داراییەکانیان بکات.