کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پشکنینی پەنجەمۆر بۆ سەرجەم ئەو دەنگدەرانە لە هەرێمی کوردستان-عێراق دەکات، کە پەنجەمۆریان نایخوێنێتەوە. بەرپرسێکی کۆمیسیۆنیش دەڵێت، لە عێراق و هەرێمی کوردستان 800 هەزار کەس کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان هەیە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا جارێکی دیکە پەنجەمۆری ئەو دەنگدەرانەی لە کاتی دەنگداندا پەنجەمۆرەکانیان نایخوێنێتەوە، وەربگرێتەوە، کارەکەش لە سەرجەم ئۆفیسەکانی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان-عێراق و عێراق جێبەجێ دەکرێت.
د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە میدیای پارتی وتووە، “لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نزیکەی 800 هەزار کەس ئەو کێشەیان هەیە، ئەوانەش ئەو کەسانەن کە هەندێک جۆری نەخۆشییان هەیە وەکو شەکرە، یان تەمەنیان گەورەیە و ئامێرەکان پەنجەمۆریان ناخوێننەوە.”
سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێیوایە بە وەرگرتنەوەی پەنجەمۆری ئەو کەسانە تاڕادەیەکی باش کێشەکە چارەسەر دەکرێت، ئەوەش بە باشتر بەکارهێنانی ئامێرەکان و رێکخستنیانە بەشێوەیەکی وردتر.
کۆمیسیۆن داوای لە نووسینگەکانی کردووە پەیوەندیی بەو دەنگدەرانەوە بکرێت، کە پەنجەمۆرەکانیان نایخوێنێتەوە و پێیانڕابگەیێندرێت سەردانیان بکەنەوە بۆ وەرگرتنەوەی پەنجەمۆرەکانیان.
جگە لەوە کۆمیسیۆن بڕیاری دا بە دەستپێکردنەوەی تۆمارکردنی بایۆمەتری لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان-عێراق.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بوونی رێژەی 5٪ـی دەنگدەرانی هەر بنکەیەکی دەنگدان کە پەنجەمۆریان نەیخوێنێتەوە بە ئاسایی دەبینێت و رێژەکە لەوە زیاتر بێت بە کێشە دەزانێت.